١٠ كه‌س به‌ تۆمه‌تی بازرگانی كردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌رەکانەوە دەستگیرکران

لڤین:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نەهێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان، ١٠ كه‌سی به‌ تۆمه‌تی بازرگانی كردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌وە دەستگیرکردووە و ده‌ستیشیگرتووە بەسەر زیاتر له‌ ٢٣ كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر و و ده‌یان هه‌زار حه‌بی هۆشبه‌ردا

ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی نەهێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا   ڕایگەیاند،” له‌ سێ چالاكی جیاوازدا توانییان ١٠ تۆمه‌تبار و بڕی ٢٣ كیلۆ و ٥٢٥ گرام مادد‌ه‌ی هۆشبه‌ر و ٣٧ هه‌زار و ٧٧٢ شیت حه‌بی هۆشبه‌ردا بگرن”.  

بەڕێوەبەرایەتیەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو،”هەر ئه‌مڕۆ سێشەممە، له‌ چالاكییه‌كدا باندێكی ٧ كه‌سیی بازرگانی كردن به‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستگیركراون، كه‌ ژماره‌یه‌كیان بازرگانی گه‌وره‌ن، له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بڕێكی زۆری مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان”.

 ڕاشیگەیاندووە، ” له‌ چالاكییه‌كی دیكه‌دا، كه‌ له‌ رۆژی ٢٠ی ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی حاجی ئۆمه‌رانی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سۆرانه‌وه‌ ئه‌نجامدرا، توانرا ٣ تۆمه‌تبار ده‌ستگیر بكرێن و ده‌ستیش به‌سه‌ر ٦ كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ جۆری هێرۆییندا بگیرێت، كه‌ له‌ناو جه‌کی ئۆتۆمبیلی گه‌وره‌دا شاردبوویانه‌وه‌”.

ئەوەش هاتووە،” له‌ چالاكییه‌كی دیكه‌دا هه‌ر له‌ رۆژی ٢٠ ی ئه‌م مانگه‌، كارمه‌ندانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر توانییان ده‌ست به‌سه‌ر بڕی ٥ كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ جۆری تلیاكدا بگرن، كه‌ له‌ناو رایه‌خ و چه‌ند بلاجكتۆرێكدا شاردبوویانه‌وه‌ و ده‌یانویست له‌ رێگه‌ی كۆمپانیایه‌كی گواستنه‌وه‌ ره‌وانه‌ی وڵاتی به‌ریتانیای بكه‌ن”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button