میدیای فەرمی تورکیا: سەرکردەیەکی پەکەکەمان لە سلێمانی کوشتووە

لڤین:
ئاژانسی ئەنادۆڵ كە زمانحاڵی فەرمی تورکیایە، بڵاویکردەوە وەزارەتی بەرگریی بەهاوکاریی میت، سەرکردەیەکی پەکەکەیان بە ناوی (ئوڵاش دۆغان) لە سنووری پارێزگای سلێمانی کوشتتووە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسەکە لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی دهزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی وەزارەتی بەرگریی توركیادا، لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا، سەرکردەیەکی پەکەکە بە ناوی وڵاش دۆغان کە نازناوی ئۆڵاش دێرسیم-ی هەیە، کوژراوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بە شوێنی تەواوی هێرشەکە نەکردووە، بەڵام جەختیکردوەتەوە کە هێرشەکە بە هاوکاریی دەزگای (میت) ئەنجامدراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دوو ئۆتۆمبێلیان لە نزیک ماوەت و پشدەر کردە ئامانج، کە گەریلاکانی پەکەکەیان تێدابوو.