لێشاوی گەشتیارانی ڕوسیا ڕوو لە تورکیا دەکەنەوە

لڤین:
لێشاوی گەشتیارانی ڕوسیا ڕوو لە تورکیا دەکەنەوە و ئەمڕۆ یەکەم کاروانی گەشتیارانی ئەو وڵاتەگەیشتنە ئانتاڵیا و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ زیاتر لە ١٢ هەزار گەشتیاری ڕوسی بە ٤٤ فڕۆکە بگەنە تورکیا.
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە، دوای دوو مانگ لە سنووردارکردنی گەشتی ئاسمانیی لەلایەن روسیاوە، ئەمڕۆ یەکەم کاروانی گەشتیاریی ڕوسیا گەیشتە شاری ئانتاڵیا.
سنووردارکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیا کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەلایەن ڕوسیاوە لە ١٥ی نیساندا دەستی پێ کرد ئەمڕۆ کۆتایی هات و دوای دوو مانگ سەرلەنوێ گەشتیارانی ڕوسیا گەیشتنە تورکیا و شاری ئانتاڵیا.
فڕۆکەی سەربە هێڵی ئاسمانی تورکیا کە لە فڕۆکەخانەی ڤنوکۆڤا لە مۆسکۆی پایتەخت دەستی بە گەشتەکەی کرد، کاتژمێر ٠٥:٤٠ بەیانی بە ١٣٢ گەشتیارەوە لە فڕۆکەخانەی ئانتاڵیا نیشتەوە.
ئاژانسەکە بڵاویکردوەتەوە چاوەڕوان دەکرێت لەمڕۆدا، زیاتر لە ١٢ هەزار گەشتیار بە ٤٤ فڕۆکە لە ڕوسیاوە بگەنە ئانتاڵیا.