تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

لڤین:

ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی پۆلە ناکۆتاکان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 428 خوێندکار لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن.

ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی ھەردوو وەرزی یەکەم و دووەمی پۆلە ناکۆتاکان دەستیپێکرد.

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی ھەردوو وەرزی یەکەم و دووەمی پۆلە ناکۆتاکان دەستیپێکرد کە 428 خوێندکار لە سنوری پارێزگای سلێمانی، بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن.

کۆتا ڕۆژی تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی پۆلە ناکۆتاکان لە رۆژی ١ی ٧ دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، هاوکات سوپاسی مامۆستایان و کەسوکاری خوێندکاران و فەرمانگەی کارەبا و تەندروستی کرد کە بەدەم داواکارییەکانیان لە ناوەندەکانی خوێندنەوە چوون، لە بواری خۆپارێزیی و دابینکردنیی کارەبا و فێنککەرەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.

دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان لە کاتێکدایە، ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زۆربەی کاتەکانی خوێندن دەرگای خوێندنگاکان داخرابوون و بەشێکی کەمی ڕۆژەکانی ساڵ خوێندکار چووە ناو پۆلەکان و بەشەکەی دیکەی بە ئۆنلاین درێژە بە خوێندن درا، هەربۆیە وەک خوێندکاران باسی دەکەن ئەمساڵ وەک پێویست سودیان لە خوێندن وەرنەگرتووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button