لەبارەی چاوپێکەوتنی پرۆفیسۆرێکی زانکۆی سلێمانی ڕوونکردنەوە دەدرێت

لڤین:

پاس ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو،پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر تارا عبدالله سعید لە چاوپێکەوتنێکیدا چەندین ڕەخنەی لە سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی گرت بەتایبەت لەوەی کە لەبەر ئەوەی کە زەواجی نەکردووە شوێنی نیشتەجێ بوونی پێنەدراوە، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە.

 

دەقی رونکردنەوەکە:

رونکردنەوەیەک لەسەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بۆ رایی گشتی

لەم رۆژانەی دواییدا دوای ئەوەی راپۆرت و چاوپێکەوتنی بەرێز (پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر تارا عبدالله سعید) لەکەناڵی روودا و بەتایبەتیش بەرنامەی (لەگەڵ رەنچ) بڵاو کرایەوە، کە بەڕێز (د.تارا عبدالله سعید) یەکێکە لە مامۆستاکانای زانکۆی سلێمانی کۆلێجی زمان و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە و ناونیشانی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەرە، سەبارەت بەو گلەیی و گازەندانەی بەرێزیان هەیان بوو بەرامبەر زانکۆی سلێمانی، بۆیە ئەم روونکردنەوەیە بۆ رایی گشتی رادەگەیەنین، کە ئەم چەند خاڵە لەخۆ دەگرێت:

1- بەرێز (پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر تارا عبدالله سعید) یەکێکە لە مامۆستاکانای زانکۆی سلێمانی کۆلێجی زمان و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە و بەناونیشانی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەر، بەپێی فەرمانی زانکۆی ژمارە (7/6/756 لە 9/2/2002) دوای بەکارەکانی هێناوە لەسرداوای خۆیی لەزانکۆی سلێمانی و بەپێی فەرمانی زانکۆی ژمارە ( 7/6/1587 لە 1/11/2010) دەست بەکار بۆتەوە لەزانکۆی سلێمانی وەکو مامۆستا، ئەو ماوەیەی نێوان ساڵانی (2002 تاوەکو 2010) بەرێزیان لەدەرەوەی ووڵات بووە، بەڵام خانوەکانی هەواری زانکۆ پێنج ساڵ پێش هاتنەوەی بەڕیزیان، و لە پرۆسەیەکی یاسایی و دوای دەرچونی چەند رێنمایی و لیژنەیەک بۆ هەژمارکردنی خاڵەکان دابەشکراون بەسەر مامۆستایانی زانکۆدا، بەرێزیان لەو ماوەیەدا لەزانکۆی سلێمانی نەبووە و کۆتایی بەکارەکانی هێناوە و لەدەرەوەی ووڵات بووە.

2- سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی دوای راگەیاندنی هەواری زانکۆی تایبەت بەفەرمانبەران، کەچەند خانوو شوقەیەکی لەخۆ گرتبوو لەلایەن کۆمپانیای کەرتی تایبەتەوە جێبەجێکران، دابەشکران بەسەر فەرمانبەرانی زانکۆ، واتە ئەم پرۆژەیە تەنها بۆ فەرمانبەرانی زانکۆ بووە، بەڵام سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بەلەبەر چاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی بەرێز (د.تارا) پێشنیازی پێدانی شوقەیەکی بۆ بەرێزیان کردووە، بەرێزیان بەهێنانەوەی چەند بیانویەک پێشنیازەکەی رەتکردۆتەوە.

3- سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی سەرەرایی تیىینی زۆری لەسەر قسەکانی بەرێزیان و بەشێک لەو گلەیی و گازەندانەی هەیبووە، لەئێستادا وەک بەرپرسیارێتیەکی ئەکادیمی و ئەخلاقی و بەرەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی شوێنی نیشتەجێ بوونی بەرێزیان و بارودۆخی ناجێگیری دایکی بەرێزیان و هەبوونی نەخۆش، رایدەگەیەنێت ئامادەیە لەهەواری زانکۆی فەرمانبەران چارەسەرێکی یەکجارەی بۆ شوێنی نیشتەجێبنی بەرێزیان دابین بکات، لەگەڵ گرتنە ئەستۆی گشت خەرجی تێچونەی نیشتەجێبون دەگرێتە ئەستۆی خۆیی.

هەربۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین، سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی لای سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لەبەردەم یاسادا لەبەرامبەر ئەرک و مافدا یەکسانن، هەروەها سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی و ئەکادیمی و زانستی بێ گوێدانە هیچ جیاوازییەکی رەگەز و تەمەن و ئایینی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و نەتەوەی و ئاستی زانستی و پلە و نازناوی زانستی و پسپۆڕی، دەخاتە ئەستۆیی خۆی و مامەڵەی یەکسان لەگەڵ هەموواندا وەکو یەک دەکات.

سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button