مەزڵوم كوبانێ: گروپەكانی سەر بە حكومەتی سوریا هەوڵی دروستكردنی ئاڵۆزی دەدەن

لڤین:
فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لەبارەی ئاڵۆزیەكانی قامیشلۆ و حەسەكە رایگەیاند، گروپەكانی سەر بە حكومەتی سوریا هەوڵی دروستكردنی ئاڵۆزی دەدەن لەو ناوچانە.

مەزڵوم كوبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكراتی لەبارەی ئاڵۆزیە ئەمنیەكانی چوارگۆشەی قامیشلۆ حەسەكە رایگەیاند، گروپێك بەناوی بەرگری نیشتیمانی ئاڵۆزیەكانیان دروست كردووە.

ناوبراو روونیكردەوە هەردوایی لە حەسەكە گروپەكانی سەر بە رژێمی سوریا ئەو خەڵكانەی لەو ناوچانە دەژین و فەرمانبەری حكومەتن وەك قەڵغانی زیندوو بەكار دەهێنن لە دژی هێزە ئەمنیەكان.

كوبانێ بە تەلەفزیۆنی ئەل حەدەسی راگەیاند: لە هەرێمەكانی شەهبا و شێخ مەقسود كە ماوەیەكە لە ژێر ئابڵاچوقەی حكومەتی سوریادایە دەیان خەڵكی مەدەنیش دەستگیركراون.

ئەوەشی روونكردەوە شاندی ئەنجومەنی سوریای دیموكراتی كە لە ماوەی رابردوو سەردانی شامی كردووە، لە گفتوگۆكانیدا شكستی هێنا لەبەر ئەوەی حكومەت دەیەوێت بە شێوازی پێش ساڵی 2011 مامەڵە بكات.

ئەوەشی روونكردەوە كە پێش سەردانەكەی ئەنجومەنەكەیان ئەو ئاڵۆزیانە هەر هەبووە، هۆكارەكە ئەوەیە كە حكومەتی سوریا دەیەوێت هێرشی سەربازی بكاتە سەر ناوچەكە.

فەرماندەی هەسەدە ئاشكراشیكرد ئەوان پەیوەندیان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكا هەیە، لە ئێستادا خەریكی ئامادەكردنی بەرنامەیەكی هاوبەشن، هیواشی خواست كە ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ چارەسەری دۆخی سوریا سیاسەتێكی دیاریكراو پەیڕەو بكات.

كوبانێ ئاشكرایكرد كە پەیوەندی و دانوستانەكانیان لەگەڵ رووسیا بەردەوامە، هیواشی خواست هەریەكە لە رووسیا و ئەمریكا هاوسەنگی لە ناوچەكەدا رابگرن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button