کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی تورکیا کوژرا

لڤین:

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕایگەیاندووە، بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتووە ڕێکخراوەکە  ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٢١ی ژوئەنی ٢٠٢١)، هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سنووری ماکۆ سەر بە پارێزگای ئورمیە تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و لەئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی ( عەزیز محەمەدزاده ) کوژرا.

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە،” بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەزیز محەمەدزادە خەڵکی گوندی ( قزڵ ئەرەخ )سەر بە شاری ماکۆ بووە و لەکاتی کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئەو شارە لە مەودایەکی نزیکەوە لەلایەن هێزەکانی تورکیا تەقەی لێکراوە”.

لە کۆتایدا ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە،” بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ٢٠٢١ (کەمتر لە ٦ مانگ) لانیکەم ٣ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزەکانی تورکیا کوژراون و ٣ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button