پەڕینەوە لە ئاراس، داستانی سەرکەوتن یان شکستێکی دیکەی بنەماڵەی بارزانییەکانە؟

لڤین: شیکاری
پەیامێکی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەبارەی جێهێشتنی باشووری کوردستان لەلایەن مستەفا بارزانی باوکییەوە و ناوهێنانی بە داستانێکی مێژوویی کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
مەسعو بارزانی لە پەیامەکەیدا وتوویەتی ئەو داستانە ڕەهەندی نەتەوەیی و مێژوویی و سیاسی و سەربازیی گەورەی هەبوو و، كاریگەرییەكی یەكلاكەرەوەی لەسەر مانەوەی دۆزی ڕەوای كورد لەو كات و لە قۆناغەكانی داهاتوو بەجێهێشت.
بەڵام لە بەرانبەردا مێژوو نوسان و رەخنەگران ئەو بابەتە نەک هەر بە داستانی مێژوویی وەسف ناکەن بەڵکو وەک شکستێکی گەورەی مێژوویی بنەماڵەی بارزانییەکان باسی دەکەن کە لە مێژووی گەلی کورد دا تۆماریان کردووە.
پەڕینەوە لە ئاراس چییە؟
لە ١٨ـی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧مەلا مەستەفای بارزانی و ژمارەیەک لە کەسە نزیکەکانی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت هەڵهاتن ئەوەش بەهۆی ئەو شکستە گەورەیەی کە ڕووبەڕووی دۆزی کورد لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان هاتبوو، ئەوەش لە رووخانی کۆماری کوردستان و دەستگیرکردنی پێشەوا قازی محەمەد گەیشتە لوتکە.
رووباری ئاراس دەکەوێتە ناوچەی قەوقازەوە بەدرێژای وڵاتانی تورکیا، ئەرمینیا، ئێران و، ئازەرباینجان تێدەپەڕێت درێژاییەکەی هەزار و ٧٢ کیلۆمەترە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، پێش ئەوەی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت هەڵبێن بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک مەلا مستەفا چاوەروانی بریاری لێخۆشبوونی کردووە لەحکومەتی عێراق و لەگوندەکانی مزوری خۆی شاردوەتەوە.
بەلام، لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٤٧ حکومەتی عێراق لەڕێگەی نوێنەرێکیەوە دڵنیایی دەدات کە ئەوان بەهیچ شێوەیەک بریاری لێخۆشبوون دەرناکەن، بۆیە زانیاری دەگات کە بەزوترین کات سوپای عێراق هێرشدەکاتە سەریان.
دوای ئەوەی مەلامستەفا لەحکومەتی عێراق بێهیوابوو بۆیە پێشنیاری کرد کە خۆی و چەکدارەکانی برۆن بۆ سوریا لەسەر ڕێگاش لە عەشیرەتی ڕێکانیەکان بدرێت.
بەڵام بیرۆکەکەی لەلایەن شەش لە فەرماندەکانەوە رەتکرایەوە و بەکۆی دەنگ و دوای مشتومڕێکی زۆر لەگەڵ مەلا مستەفا بریاری چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت درا.
هۆکاری هەڵبژاردنی چوون بۆ سۆڤیەت لەوکاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تەواوی ولاتانی دیکە جگە لە سۆڤیەت جێگەی متمانە نـەبوون و ئەو فەرماندانە پێیانوابووە کە رادەستی حکوومەت عێراقیان دەکەنەوە.
بۆچی کراوەتە داستانی مێژوویی
ئەگەر سەرنج بدرێت، بنەماڵەی بارزانییەکان بە درێژایی مێژووییان لە هەڵهاتن و خۆ بەدەستەوەدان و ئاشبەتاڵدا بوون کەچی بەردەوام هەوڵیانداوە ئەو شکستانە وەک دەستکەوت نیشانی خەڵکی بدەن ئەوەش بە ئامانجی مانەوەیان لە ساحەی سیاییدا.
ئەوەتا لە رووداوی هەڵهاتنی مەلا مستەفا بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، ئێستا مەسعود بارزانی هەوڵ دەدات ئەو رووداوە وەک دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی نیشانی بدات، لە کاتێکدا هەمان دەرفەتی هەڵهاتن بۆ پێشەوا قازی و هاوڕێکانی لەو کاتەدا هەبوو بەڵام قازی پەتی سێدارەی هەڵبژارد و مەلا مستەفاش هەڵهاتن لە بەرەکانی شەڕ.
ئەم جۆرە رووداوانە لە مێژووی پارتیدا بەردەوام دووبارە بوونەتەوە، ئەوەتا دوای ٧١ ساڵ مێژووی پارتی خۆی دووبارەکردەوە، لە دەرەنجامی شکستی دیکەدا کە نیوەی خاکی کوردستان کەوتەوە ژێر دەستی عێراق، رووبەڕووبوونەوەی پردێیان ناو نایەوە داستان.
لە دوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر کە بەهۆی ریفراندۆمە شکست خواردووەکەی مەسعود بارزانیەوە روویاندا سوپای عێراق تا نزیک ناوچەی پردێ هات، پێشمەرگەکانی پارتی لە ترسی داخڵبوونی سوپای عێراق بۆ شاری هەولێر رووبەڕوویان بوونەوە بەڵام لەبەرئەوەی هاوپەیمانان و بە دیاریکراوی ئەمریکا پردێی وەک دوایین خاڵی پێشڕەوی سوپای عێراق دیارییکردبوو هیچ پێشڕەوییان نەکرد، کەچی بۆ شاردنەوەی شکستە گەورەکەیان مەسعود بارزانی و کوڕەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پردێی ناو نا داستانی پردێ.
ئەوەی لای خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان روون بووەتەوە ئەوەیە، مێژووی کۆن و نوێی بارزانییەکان پڕیەتی لە شکست و نەهامەتی و ماڵوێرانی بۆ گەلی کورد لە تەواوی پارچەکانی کوردستان.
ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ٧٤ ساڵ بە سەر هەڵهاتنی مەلا مستەفا بۆ یەکێتی سۆڤیەت، مەسعودی کوڕی تەنیا بۆ مانەوە لە سەری رەش سوپای تورکی هێناوەتە ناو باشووری کوردستان بە قوڵایی ٤٥ کیلۆمەتر خاکی کوردستانی داگیرکردووە، بۆیە پەڕینەوە لە ئاراس مێژوو نوسان بە هەڵهاتن وەسفی دەکەن نەوەک داستانی مێژوویی.