هیوا داناخرێت،بەڵام …

دەسەڵات لەهەرێمی کوردستان بەجۆرێک چاوی تەماع و هەڵپەی کۆکردنەوەی پارەیەتی کەهیچ پرەسیپ و بەهایەکی ئینسانی ڕەچاوناکات، منداڵی بنەماڵە و خێزانەسیاسی و بەرپرسەکان و سەرۆک و هاوسەرۆک کە دەسەڵاتی قوڵن و هەرخۆشیان دەسەڵاتن ئەو دۆخە نائاکارییەیان خوڵقاندوە،کە چاویان جگە لەپارەو بەرژەوەندی هیچی تر نەبینێت.

نەخۆشخانەی هیوا داناخرێت وەک ئەوەی قوفڵێک لەدەرگاکەی بدەن، بەڵام ئامانج ئەوەیە کە بەهۆی ئەمجۆرە مامەڵانەوە نەخۆش و پزیشک و کارمەند ناچاربکەن ڕو لەنەخۆشخانەی ئەهلی بکەن کەلەبنەڕەتدا موڵکی بەرپرس و کۆمپانیاکانی حیزبە ڕەنگە بۆ شوێنونکردنیش پشکێیکی کەسانی تریشی تێدابێت،خۆ ئێستا نەخۆشخانە حکومییەکان هەن بەڵام بڕۆن ببینن بزانن ئایا وەک جاران نەشتەرگەری جۆراوجۆریان تێدادەکرێت؟ بێگومان نەخێر.

پێش ڕاپەڕین تەنیا یەک نەخۆشخانەی ئەهلی هەبو ئەی ئێستا چەند هەیە؟ چەند زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەی ئەهلی هەیە؟ سیاسەتی ئەم حوکمڕانییە بنەماڵەییە چەتەییە بەئامۆژگاری سندوقی نەقدی نێودەوڵەتی و بەچاوچنۆکی خۆیان ئەوەیە ( کەرتێکی حکومی بچوک و کەرتێکی تایبەتی فراوان) دیارە لێرەکەرتی تایبەتی فیعلی نییە کەرتی حیزبی و کەسی حیزبی و بنەماڵە و خێزانەسیاسییەکانە ئەمە ناونراوە( تەرشیقکردنی حکومەت ) کەواتە ئەمە ئامانجی سەرەکییە و ئەوانی تر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەم ئامانجەن،ئیتر ئەم سەردان و هەڵای میدیا و خۆبەفریادڕەس پیشاندان وەک چارەسەری کێشەیەکی درستکراو هیچ نییە جگەلە ئازارشکێنی کاتی ئەمە یەکەمجار نییە نەخۆشخانەی هیوا ئەم کێشانەی دەبێت، دوای هاتنی داعش و قەیرانی دارایی ئەو کات کێشەیان هەبوو بەندە و ژمارەیەک هاوڕێی پەرلەمانتاری ئەوکاتی فراکسێۆنی گۆڕان سەردانمانکردن و بەکاتی کێشەی دەرمان چارەسەربوو، دواتر بڕی ۷۲ ملیار دینار و یەک ملێۆن و پ٥٠٠ هەزار دۆلار لە ئەژماری بانکی سندوقی کۆمەکی توشبوانی شێرپەنجەدا بوو،حکومەت پارەکەی سەرفکردبوو، لە کاتێکدا بەپێی یاسای ژمارەی ۱۱ ساڵی ۲٠۱۲ ی سندوقەکە بەهیچ جۆرێک ڕێگەی ئەم دەستکارییکردنەنادات، کەچی کردبوویان کەیسەکەمان دایە داواکاری گشتی و بوە شکات وەڵامی حکومەت ئەوەبوو پارەکە بەموچە دراوە؟! پارەیەکی زۆری کەمپینێکیان لەبانکێکی ئەهلیدابو بانکەکە ئیفلاسی کردو پارەش نەما؟! ئێستا لەبری سەردانی حیزبی و هەوڵی تاکەکەسی و هەڵای میدیا و سۆشیال میدیا و بەسیاسیکردنی کێشەکە فەرموون:

۱_ بۆیەکجار هەرسێ فراکسێۆنی ( پارتی،یەکێتی،گۆڕان) کە دوو لەسەر سێی پەرلەمانن بەهێواشی حکومەت ناچارکەن سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە کارابکەن و مانگانە پارەی بۆدابینبکەن و ڕێنمایی ناپێویست و سەرفکردنی ۲./ سەدای دووی پارەی دەرمان هەڵوەشێننەوە و پارەی( بدل عیادات) ی شەش مانگی پزیشک و کارمەندان سەرفبکەن،کە دوو سەرەکیترین کێشەی ئێستا و بەردەوامی هیوان.

۲_جێگری سەرۆکی حکومەت کە بەئەمری واقیع سەرۆکی حکومەتی ئەم ناوچەیەیە لەئەنجومەنی وەزیران ڕۆڵی خۆی ببینێت و ڕێگری بڕیاری دژی هیوا و هاوشێوەکانی بێت.

۳_ وەزارەتی دارایی لەبری ڕونکردنەوەی گلەیی ئامێز بەڕونی بڵێت کێشەکەلەکوێیە؟بەپێی بەدواداچونی بەندەلەئەنجومەنی وەزیرانە.

٤_بەو پێیەی ۳٠./ سەدا سی نەخۆشەکانی هیوا خەڵکی ناوەڕاست و باشوری عێراقن ئەرکی سەرۆک کۆماری عێراق و نوێنەرەکانی کوردە حکومەتی ناوەند ناچاربکەن مانگانە هاوکاری هیوا بکەن.

٥_ کێشەی هیوا و شێرپەنجە هەر دەرمان و پارەی بدل عیادات نییە،بەڵکو نەبونی بینای گونجاو کێشەیەکی سەرەکییە کەلە ساڵی ۲٠۱٤ زەوی بۆتەرخانکراوە و هیچی دیارنییە،هەموو پارەی ( بدل عیادە) ی سلێمانی مانگانە نزیکەی ۳٠٠ سێ سەد ملێۆن دینارە،تۆبڵێی ئەم پارەیەنەبێت،تەنیا لەم سنورە مانگانە سەرو ٥٠ پەنجا ملێۆن دۆلار قاچاخچییەتی دەکرێت و دیارەیشە کێ دەیکات،لەوبارەوە ئێمە بەڵگەی ڤیدێۆییمان بڵاوکردۆتەوە.

٦_ پێویستە فشاری مەدەنی و هاوکاری خێرخوازان بەردەوام بێت،بۆئەوەی ئامانجی دەسەڵات سەرنەگرێت،لە هەموو دنیا کەیسی شێرپەنجە حکومەت و سەرمایەدار و خێرخوازن پارەی بۆدابیندەکەن. کەواتە هیوا داناخرێت، بەڵام ئامانجیانە وەک نەخۆشخانەحکومییەکانی تری لێبکەن بۆئەوەی نەخۆش بەناچاری پەنابۆ نەخۆشخانەی ئەهلی ببات،خۆ ئێستا جگە لەچارەسەری کیمیایی کەیسی تری شێرپەنجە لەنەخۆشخانەی ئەهلی چارەسەردەکرێت.

بۆیە پێویستە پشتیوانی هیوا بین تا ئامانجی دەسەڵات سەرنەگرێت.


شێرکۆ حەمەئەمین

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button