یاسین تەها:

نەخۆشەكانی هیوا بێ هیوا مەكەن…..

لڤین:

شەش ساڵە بەهۆی بارودۆخی كەسێكی ئازیزەوە ناوبەناو چوومەتە هیوا، دوو ساڵی كۆتایی بەشێوەی مانگانە. لەهەموو بستێكی ئەم نەخۆشخانە بەڕووبەر بچوك و بە ناوەڕۆك و بەخشش گەورەیە، چەندین چیرۆك و هیوای كەڵەكەبووی هەڵچنراو دەبینرێن، رۆژگاری كۆتایی هەندێك لە نەخۆشەكانیش هەر لە قاوش و ڕاڕەوەكانی ئەم نەخۆشخانەیە بەمیهر و سۆز و ئازارشكاندن و سووككردنی باری قورسی سەرشانەوە بەڕێدەكرێن و تەنها سەردانكەرانی ئەوێ لە كاریگەریی و مانا و پێویستی ئەم ئەركە مرۆییە تێ دەگەن.
جاران هیوا هەر ڕووگەی نەخۆشەكانی پارێزگای سلێمانی بوو، بەڵام ئێستا لە ڕیزەكانی سەرەگرتنی نەخۆشەكانیدا جگە لەپارێزگاكانیتری عێراق، گوێت لە ئاخاوتنی خەڵكی قەسرێ و سۆران و زۆربەی دەڤەر و شارەكانیتری كوردستان دەبێت و دەڵێی ماڵی هەموو كوردستان و ڕووگەی هەموو عێراقە. نەخۆش هەیە ماوەیەكی زۆر ڕۆژانە سێ كاتژمێر و زیاتر رێگە دەبڕێت بۆ هیوا بەهیوای چارەسەرێك، زۆرێك لە نەخۆشەكانیتریش “هیوا” بووە بەماڵی دووەمیان، بەیانی كە دێن سەر لەئێوارە پشكنین و چارەسەرەكەیان ئامادە دەبێت و جاری واش هەیە ئەكەونە نیوە شەو و سپێدەی ڕۆژی دوایی، بەڵام لەبەر ئەوەی هیوایەكیان هەیە بۆ چاكبوونەوە و لەوێ ستافێكی میهرەبان و پشوو درێژ و دڵسۆز هەیە هێشتا هەر شوكر و سوپاسگوزارن.
خزمەتەكانی هیوا ئەو تروسكاییەن كە هێشتا هیوا دەبەخشن بە ژیان لەم وڵاتە و دڵی جۆرەها دڵشكاو لە ژیان دەدەنەوە، ڕاگرتن یان كەمكردنەوەیان هێندەیتر ناڕەحەتی و ڕق و بێزاری زیاتر دەكەن. ئاخر خۆ ئێمە وڵاتێكی هەژار نین، زۆر قەرەباڵغ و سیخنانیش نین دەرەقەت نەیەین…
نەخۆشەكانی هیوا بێ هیوا مەكەن، ئەوان هەناسەكان و هەموو هیوایەكیان لە ژیاندا لەپاش لوتفی خودا تەنها لەسەر ئەم پەناگەیە وەستاوە و ئەوەتا ژمارەشیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر هەڵدەكشێت و بەشێك لەوانەش هێشتا منداڵن یان لەبەهاری تەمەندان و دڵیان بە ژیان خۆشە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button