سوپای تورکیا بچێتە هەر گوندێک تاڵانی دەکات و قەدەغەی هاتووچۆی تێدا ڕادەگەیەنێت

لڤین:

هه‌فته‌ی ڕابردو، شاندێكی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئاگاداربون لەهێرشه‌كانی توركیا له‌سنوری پارێزگای دهۆك، سەردانی ناوچە سنورییەكانی پارێزگاكەیان كردو له‌گه‌ڵ پارێزگاری دهۆك و قائیمقامی زاخۆو بەڕێوەبەری ناحیەی دەركاو بەڕێوەبەری ناحیەی باتیفاو بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی و موختارو گوندنشینان كۆبونه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا ئه‌نجامی سه‌ردانی شانده‌كه‌ ڕاگه‌یاندراوه‌.

شنۆ ئه‌شقی، ئه‌ندامی شانده‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ بوار نیوزی ڕاگه‌یاندووە، “ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ئێمه‌ی ڕاكێشا ئه‌وه‌ بو، گوایه‌ په‌كه‌كه‌ هێرشی كردۆته‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری پارێزگای دهۆك و چوار پێشمه‌رگه‌ی شه‌هید كردوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه‌ تا دوا خاڵی سه‌نته‌ری پێشمه‌رگه‌ ڕۆیشتین، سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌رامبه‌ر زنجیره‌ چیاكانی مەتینان و ئه‌و چیایه‌ش به‌ته‌واوی له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی توركیایه‌، بۆیه‌ كاتێك پرسیاری بونی په‌كه‌كه‌مان كردوه‌، پێیانڕاگه‌یاندوین( په‌كه‌كه‌ له‌و شاخانه‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌ی مه‌فره‌زه‌ی بچوك و پارتیزانی له‌ دامێنی چیاكان جار جار دەردەكەون)”.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ شه‌هید كران، له‌لایه‌ن كێ بوه‌؟

پەرلەمانتارەکە ڕایگەیاندووە،”كاتێك پرسیارمان له‌فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ كرد، چۆن ده‌یسه‌لمێنن په‌كه‌كه‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی شه‌هید كردوه‌، پێیان گوتین( ئه‌وه‌ زانیاری هه‌واڵگرییه‌ )، كه‌واته‌ چۆن فیشه‌ك له‌شاخێكه‌وه‌ دێت كه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كۆنتڕۆڵ كراوه‌؟ له‌كاتێكدا په‌كه‌كه‌ ناتوانێت چالاكی هه‌بێت، بۆیه‌ نازاندرێت چۆن پێشمه‌رگه‌كان شه‌هید كراون؟ ئایا ته‌قینه‌وه‌ بوه‌ یان هێرشیان كراوه‌ته‌‌سه‌ر؟.

له‌باره‌ی زیانه‌كانی دیكه‌ی هێرش و په‌لاماره‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشکرای کردووە، “پێشتر ده‌گوترا، سوپای توركیا زۆر نزیك بۆته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا سوپای توركیا له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستاندایه‌و ژماره‌یه‌كی زۆری گوندی داگیركردوه‌، ده‌یان گوند داگیركراون و داره‌كانیش بڕاونه‌ته‌وه‌. ته‌نانه‌ت موختاری گونده‌كان پێیانڕاگه‌یاندوین: سوپای توركیا ئه‌و گوندانه‌ تاڵان ده‌كات كه‌ داگیریكردون، قه‌ده‌خه‌ی هاتوچۆی تێدا ڕاگه‌یاندوه‌و به‌هیچ جۆرێك و هیچ كه‌سێك ناتوانێت له‌و شوێنانه‌ هاتوچۆ بكات و ئیش و كاره‌كانیان بكه‌ن”.

سه‌باره‌ت به‌لێدوانی پارێزگاری دهۆك كه‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نه‌فرۆشراوه‌، شنۆ ئه‌شقی بە ماڵپەڕەکەی ڕاگەیاندووە، “به‌پێی به‌دواداچونی ئێمه‌، سوپای توركیا خۆیان دانیان به‌وه‌ناوه‌، ئه‌وان خاكی هه‌رێمی كوردستانیان له‌چه‌ته‌كانی سه‌رسنور كڕیوه‌ته‌وه‌، كه‌ دیاره‌ مه‌به‌ستی چه‌ته‌كانی توركیایه‌، بۆیه‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی باڵا به‌دواداچون بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێت. ( پێموایه‌ توركیا پێویستی به‌ كڕینی خاكی هه‌رێم نییه‌، چونكه‌ ئه‌و داگیریكردون و ٦٠ تاوه‌كو ٧٠ سه‌ربازگه‌ی له‌و سنوره‌وه‌ هه‌یه‌)”.

له‌باره‌ی ژماره‌ی قوربانیانی بۆردومانه‌كانی توركیا له‌سنوری دهۆك، لە وەڵامدا ئەو په‌رله‌مانتاره‌ وتویەتی،” هاوڵاتیان و موختاره‌كان نیگه‌رانن له‌حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی خۆجێی دهۆك، كه‌ تائێستا ئامارێكی ته‌واوی شه‌هیدو برینداره‌كانی بۆردومانی توركیایان له‌لا نییه‌، ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تی شه‌هیدان مینحه‌ به‌و شه‌هیدو بریندارانه‌ نادات كه‌ به‌هۆی بۆردومانی توركیاوه‌ ده‌بنه‌ قوربانی. بۆیه‌ هاوڵاتیانی ئه‌و گوندانه‌ وه‌كو په‌نابه‌ریان لێ هاتوه‌”.

له‌باره‌ی ئه‌و گوندانه‌ی توركیا داگیركردون، پەرلەمانتارەکە، ڕایگەیاندووە، “گوندی شه‌رانش و پەرەخ لەدەڤەری ناحیەی ده‌ركار سه‌ر به‌قەزای زاخۆ، لەلایەن توركیاوە وێرانكراوەو ڕوخاوه‌، هه‌روه‌ها لە دەڤەری گوللی سه‌ر بەناحیەی باتیفا گوندەکانی كەشان و شیلان و شلین و صوریا و بانكی و رویسی لەبەر تۆپبارانی توركیا چۆڵكراون و بەردەوام تۆپباران دەکرێن. لەدەڤەری به‌رواری باڵا؛ گوندی هروری بەشیوه‌یه‌كی بەردەوام بۆردومان دەکرێت و ڕێژەیەکی زۆری دارەكانی بڕاون، لەناحیەی شیلادزێ و دیرەلوكی سه‌ر بەقه‌زای ئامێدی، لەدەڤەری رێكان و نێروەو دوسكی سەرو و چیای كوره‌ژارو چیای مەتین بەردەوام بۆردومان دەکرێن. فڕۆکە جەنگییەکانی توركیا هەفتانە لوتکەی چیای كوره‌ژار بۆردومان دەکات و سه‌رجه‌می ئه‌و ناوچانه‌ش لەلایەن تورکیاوە قەدەخەی هاتوچۆی لێ ڕاگەیەنراوە هاوڵاتیان ناتوان لێی بژین”.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button