کوشتنی هیوای بێ هیواکان !

لڤین؛ لە فەیسبووکی دڵشاد ئەنوەر وەرگیراوە
بڕینی دەعم و پشتیوانی لە نەخۆشخانەی هیوا، هەندێک پزیشکی بەویژدان و توشبوانی شێرپەنجەی پێکەوە هێنایە سەرجادە و بانگیان لێ بەرزبوویەوە. خەڵکیشی بێ هیواو بێ ئومێدتر کرد و هەموان دڵتەنگن بەوەی بەسەر هیوادا هێنراوە.
بەشێک لە توشبوانی شێرپەنجە کەلە پایزی تەمەنیاندان، لە دۆخێکدا نین، بەڕەنگی زەرد و هەڵبزرکاوەوە بينە سەر جادەو ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئەوان لە دۆخێکدان پێویستیان بە موراعاتکردن و گێڕانەوەی هیوایە بۆیان، نەک هیوا بڕاو بکرێن و دەرمان و دکتۆریان لێ قەتع بکرێ.
لوتکەی شەرمەزاریە، لوتکەی بێ ویژدانیە، لەبری پاڵپشتی دەروونی و مادی و مەعنەوی، نەخۆشخانەیەک بەنەخۆشانی شێرپەنجە ڕەوا نەبینرێت، تا هەر هیچ نەبێت بەحورمەت و ئاسودەییەوە، تێیدا ماڵئاوایی بکەن.
کارەساتە لەبەر بەرژەوەندی کۆمەڵێک بازرگانی تێرنەخۆر و چاوچنۆک و بێ ویژدان، دڵی کۆمەڵێک نەخۆش ی هەژار و گیرفان خاڵی بڕەنجێنرێت و بەخەم و خەفەتەوە ڕەوانەی ژێر گڵیان بکەیت.
ئاخر، مانەوە لە نەخۆشخانەی تایبەت بۆ ماوەی مانگێک ٥٠ ملیۆن دیناری دەوێت، ئەمە نەک کوشتنی نەخۆشە، بەڵکو توشکردنی خانەوادەکەشیەتی بە نەخۆشی دەروونی، کە دەبێت دوای ئەسپەردەکردنی مردووکەشیان بەخاک، ئینجا ماڵ و خانوەکەشیان بۆ کرێی نەخۆشخانەی کاکی بازرگانی چاوچنۆکیش بفرۆشن، کە دونیایەک قەیرانی دارایی و کۆمەڵایەتی بەدوادا دێت!
ئەمە چ ویژدانێکە، بەدرێژایی تەمەنت کار بکەیت تا شتێک بۆ ماڵ و مناڵت بنێیتە یەکەوە، دواتر کە نەخۆش کەوتیت، بە دوومانگ هەمووی بکەیتە چنگ بازرگانێکی بێ ویژدانی سودمەندبوو لەسێبەری حیزب؟!
داخستن یاخود دەعم نەکردنی هیوا لە واتایەک زیاتری نیە، توشبووی دەوڵەمەند و پارەدار و پشتتدار بۆ عیلاجی نێو نەخۆشخانە تایبەت و گرانبەهاکان و نەخۆشی هەژاریش بەئازارەوە بۆ نێو ماڵ و لەوێشەوە بۆ خاک، ئەمە چی ئەخلاقێکە؟ چی ئینسانیەتێکە؟
ئەوەی بەرامبەر هیوا دەکرێت، بێ هیواکردنی ئەو کۆمەڵە نەخۆشە نیە کە لەوێن، بەڵکو بێ هیوا کردنی خەڵکی سلێمانی و کوردستانە، چونکە هەموان موعەرەزن بۆ نەخۆشی، جا چی نەخۆشیەک ؟
نەخۆشیەک، کە سەرمایەدارە هەڵتۆقیوەکانی بن دەستی حیزب، لە ڕێگەی بانزین ی ژەهراوی و خواردنی بێ کواڵێتیەوە، کۆمەڵگا گیرۆدە دەکەن، دواتریش بۆ چارەسەرکردن پەناگەی خێزانەکەی پێ دەفرۆشن، ئینجا بەدڵشکاویەوە ڕەوانەی ژێر گڵیشی دەکەن.
سەیرە، دەبینم خەڵکە عامەکە زیاتر هەست بەبەرپرسیارێتی دەکەن و بانگیان لێ بەرزبووەتەوە، ئەی پەرلەمانتاران، ڕۆشنبیران، چالاکوانان ی سلێمانی بۆ بێدەنگن ؟!

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button