شێخ جەعفەر: هەوڵێک هەیە بۆ پەڵکێش کردنی شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان پەکەکە و پێشمەرگە

لڤین:

جێگری سەرۆکی هەریمی کوردستان رەخنە لە پەکەکە دەگرێت و دەڵێت، بۆ هێزی پێشمەرگە تێوە دەگلێنن لەو شەڕەی کە خواستی گەلی کورد و پێشمەرگەی لە سەر نیە، دڵنیاشە لەوەی کەئەوەی ئێستا روودەدات پلانی نەیارانی کوردە.

جەعفەر شێخ مستەفا، رایگەیاند “هەوڵێک هەیە بۆ پەڵکێش کردنی شەڕێکی نەخوازرا و لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و هێزی پێشمەرگە لە خاکی هەرێمی کوردستان، هیوادارم کە ڕوونەدات و ئەو خوێن ڕشتنە لێرەوە بوەستێ”.

جێگری سەرۆکی هەرێم لە نوسینێکدا دەڵێت “ئەگەر بابەتەکە بۆ چەکدارانی پەکەکە بەرگریکردن بێت لە خۆیان، بۆ هێزی پێشمەرگە تێوە دەگلێنن لەو شەڕەی کە خواستی گەلی کورد و پێشمەرگەی لە سەر نیە؟”.

ئەو رەخنە لە گەریلاکانی پەکەکە دەگرێت و دەڵێت “بۆ تەنها لەو قەوارەیەی هەرێمی کوردستان چالاکییەکانیان چڕکردۆتەوە کە بە خوێنی هەزاران شەهید بنیاد نراوە و پاساو دەدەن بە تورکیا هێرشیان بکرێتە سەر”.

شێخ جەعفەر ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ هاتنی هیچ هێزێکی بێگانە نین کە سنور و سەروەرییەکانی هەرێمەکەمان ببەزێنێ، لە هەمان کاتیشدا ڕێز لەو پارتە سیاسییانە دەگرین کە لە خاکی هەرێمەکاندا گیرساوەتنەوە و ڕێگامان داون کار و چالاکی سیاسی ئەنجام بدەن.

دڵنیاشە لەوەی کە ئەوەی ئێستا روودەدات  “پلانی نەیارانی دژ بە نەتەوەی کوردە، دەخوازم لە کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان با دەست لە ناو دەست بین بۆ چارەسەری ڕیشەیی هەموو ئەو زوڵم و ستەمەی کە بە درێژایی مێژوو لێمان کراوە بە پاساوی نا لۆژیکی، با پلانی نەیارانمان بە یەکڕیزی نێوانمان لە بار ببەین”.

جێگری سەرۆکی هەرێم دەشڵێت: سەنگەر لە یەکگرتن خزمەتە بە دوژمنانی گەلێکی ستەمدیدە و لە گۆڕنانی هەموو خەون و ئاواتەکانی ڕۆژانی پڕ لە تێکۆشان و خەبات و بە فیڕۆدانی خوێنی شەهیدەکانمان.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button