ئیبراهیم عەلی:

دەستەی مافی مرۆڤ بەیەک وشەش باس لەگیراوانی بادینان ناکات

لڤین: ئیبراهیم عەلی

دەستەی مافی مرۆڤ بەیەک وشەش باس لەگیراوانی بادینان ناکات

هەنگاوەکانی راستکردنەوەی بڕیاری تەمیزی لەقۆناغی کۆتاییدان

١

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی 182 لاپەڕەیی ئامادەکردوە لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لەساڵی 2020. راپۆرتەکە، راپۆرتێکی دەوڵەمەندە بەئامارو داتا لەسەر تەواوی سێکتەرەکان، تەنانەت هێندە ورد، زانیارییان کۆکردووەتەوە، داتای دەمەقاڵێی نێوان ژن و مێردو خوشک و براو کوڕو باوکیشی بڵاوکردووەتەوە. بەڵام گەورەترین روداو کە لەساڵی 2020 رویداو گەورەترین پێشلکاری مافی مرۆڤ بو، کە کاریگەری تەواوی هەبوە لەسەر پاشەکشەی ئازادی را دەربڕین و ئازادی کاری سیاسی لەدەڤەری بادینان. لەو راپۆرتەدا باس نەکراوە… روداوەکەش دەستگیرکردنی نزیکە 100 مامۆستاو چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنوس بون لەدەڤەری بادینان. بەڵام لەو راپۆرتەی دەستەی مافی مرۆڤ بەیەک وشەش باسی ئەو پێشلکارییە گەورەیەی مافی مرۆڤی نەکراوە. تەواوی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و تایبەت بەئازادی ڕادەبڕین لەتەواوی جیهان نەک راپۆرتێک بگرە چەند راپۆرتێکیان لەسەر رەوشی گیراوانی بادینان بڵاوکردوەتەوە. بەڵام دەستەی مافی مرۆڤەکەمان بەیەک وشەش باسی ئەوان ناکات. خەریکە کۆی گشتی ئەزمونی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە بەهۆی ئەو پێشلکارییە گەورەیەی مافی مرۆڤ و هەڕەشە بۆ سەر ئازادییەکان، بەڵام دەستەی مافی مرۆڤ بەیەک وشەش باسی ئەو روداوە ناکات.

٢

لەم هەفتەیەدا یەکێک لەهەنگاوە باشەکان بریتی بو لەسەردانی سەرۆکی پەرلەمان بۆ لای گیراوانی بادینان و پاشانیش دیداری خانەوەدانی گیراوانی بادینانی بەدواداهات لەگەڵ گیراوانی بادینان. هەنگاوەکان لەو کەیسە بەرەو راستکردنەوەی بڕیاری تەمیزین و دەکرێت لەرۆژانی داهاتو هەواڵی باش ببیستین لەسەر کەیسی گیراوانی بادینان. نامەوێت بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاری ئەو هەنگاوانەی دەنرێن بەئاراستەی راستکردنەوەی بڕیاری تەمیزی کێشەیان بۆ دروست ببێت. چونکە موزایەدەو خۆ هەڵکێشانی هەندێک پەرلەمانتارو سیاسی کەم ئەزمون رەنگە ئەو هەوڵانە لەبار ببەن.

پارتی هێزێکی عینادەو بەعینادی هیچ شتێک لەگەڵی سەوز نابێت. دەگێڕنەوە دەڵێن دکتۆر رۆژ جارێک قسەیەکی کردوەو وتویەتی ئەوەی دەتوانرێت بەقسەی خۆش لەماڵی بارزانی وەربگیرێت هەرگیز بەعینادی لێیان وەرناگیرێت.

٣

ئەو هەوڵانەی هەن بۆ راستکردنەوەی بڕیاری تەمیزی قۆناغی باشیان بڕیوە ئەگەر لەکۆتا خولەکدا هەمو شتێک پێچەوانە نەبێتەوە. بەپێی زانیارییەکانم کە لەسەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە دەستم کەوتون تەندروستی گیراوانی بادینان باشەو بۆ سەلماندنی ئەمەش کۆمەڵێک پشکنینی پزیشکیان بۆ ئەنجامدراوە.

رۆژانی داهاتو ئاراستەی راستکردنەوەی بڕیاری تەمیزی لەهەرێم زۆر شت رون دەکاتەوە، ئایا ئەزمونی هەرێم بەرەو تونێلێکی تاریکتر هەنگاو دەنێت یاخود لانی کەم هەنگاوێک بەرەو ئاراستەیەکی باش دەنرێت.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button