ئاسایش تۆمەتبارانی کوشتنی ژنەکەی عەزیزاوای دەستگیرکرد

لڤین:

ئاسایشی سلێمانی سێ کەسی بە تۆمەتی کوشتنی ژنێک دەستگیرکرد، کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دوای کوشتنی ژنەکە تەرمەکەی لە گوندی عەزیزاوا فڕێدرابوو، دواتر سوتێنرابوو.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد “لەسەر ڕێنمایی و ڕاسپاردەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان دوای ئەوەی لەڕۆژی 10-6-2021 ئاگادار کرانەوە بەبوونی تەرمێکی سوتێنراو لەنزیک گوندی عەزیزاوا، پاش ئەوەی هێزەکانمان چونە شوێنی ڕوداوەکە، بەفەرمانی دادوەر دەستبەجێ دەستکرا بەلێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، توانرا چەند سەرەداوێک بدۆزرێتەوە”.

ئاسایش ڕوونیشیکردوەتەوە کە “لەئەنجامی لێکۆڵینەوە لاشە سوتێنراوەکە ناسرایەوە کەژنێکە بەناوی (ب  ع  ح) لەدایکبووی ساڵی (١٩٩٠)”.

دوای ئەوەش لەسەر رووداوەکە لەڕۆژی ١٥و١٦ ی ٢٠٢١ سێ تۆمەتبار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیەوه دەستگیرکران بەناوەکانی ١- ( پ ع ح )لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٥ سلێمانی ، ٢- (م ع ح ) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨، ٣-  (ب ج ج) لەدیکبووی ساڵی ١٩٩٦.

ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە “تۆمەتباران دانیانناوە بەوەدا کە لەڕۆژی 10-6-2021 تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی هەستاوە بەبردنی تاوانلێکراو بە ئۆتومبێل و بردنی بۆ دەرەوەی شار، لەکاتی سەرخستنی لە ناو ئۆتومبێلەکەدا ژنەکە بەرەنگاری بۆتەوە و لەلایەن تاوانبارەکەوە بەسێ فیشەک کوژراوە، دواتر بردویەتی لە چۆڵەوانییەکی نزیک گوندی عەزیزاوا سوتاندویەتی”.

ئاسایش ڕوونیشیکردوەتەوە کە لە ئەنجامدانی ئەم تاوانەدا دوو تۆمەتبارەکەی تر بەتۆمەتی پێدانی چەک و هاوکاریکردن لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا، بەپێی ماددەی (406) لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامه.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button