کونسوڵی ئێران لەبارەی لابردنی ڤیزایی نێوان عێراق و ئێران ڕوونکردنەوەیدا

لڤین:

کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، ڕاگەیاند، بۆ جێبەجێکردنی نەمانی ڤیزا لەنێوان وڵاتەکەی و عێراق چاوەڕوانی عێراقن، هاوکات دەربارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بەتایبەت لەڕووی بازرگانیەوە چەند زانیارییەکی خستەڕوو.

نەسروڵڵا رەشنوودی، دەربارەی هەڵگرتنی ڤیزای نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ قسەیکردووە و ڕایگەیاند، “پێشتر کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکومەتی عێراق رێککەوتبوون لەسەر لابردنی ڤیزا لەنێوان ھەردوو وڵاتدا، بەڵام بەھۆی ھاتنی کورۆناوە ئەو بڕیارە نەما، چونکە خۆی بۆ ئەوکاتە بڕیارەکە کاتی بوو و گەڕاینەوە سەر ھەمان بڕیاری پێشوو کە بۆ هاتووچۆی نێوان هەردوو وڵات ڤیزا هەبێت، بەڵام لە دوایین کۆبوونەوەکاندا لە ئێران بڕیاری لەسەر دراوە کە ڤیزا ھەڵبگیرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر لابردنی ڤیزا و ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی عێراق دەکەین تا ببێتە بڕیار و ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵاتدا نەمێنێت، چاوەڕوان دەکەین بەم زووانە ببێتە بڕیار و عێراقیش رەزامەندی دەربڕێت”.

دەربارەی قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر وتی: هەبوونی مەرزە ھاوبەشەکان لەنێوانماندا، لەیەک نزیکی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێمەدا، نزمی نرخی کاڵاکانی ئێران و بەرزی کوالێتیەکانیان، بە خۆشحاڵییەوە قەبارەی بازرگانیمان رۆژ بە رۆژ لە زیاد بووندایە هەربۆیە وەک خۆتان دەبینن کە ساڵانە چەندین پێشانگای کاڵای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button