مەترسی گەورە لەسەر ژیانی زیاتر لە 26بەندكراوی بادینان دروستبووە

لڤین:
كۆنگرەی دەنگە ناڕازیەكان هۆشداری دەدات لە دۆخی دەستگیركراوانی بادینان و دەڵێت دەیانەوێت لە پێنج ساڵ تا 20 ساڵ زیندانیان بەسەردا بسەپێنن.
كۆنگرەی دەنگە ناڕازیەكان لە پەیامێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیەكانی عێراق و دادگای فیدڕاڵی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و بەریتانیا و نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیان كردووە هۆشداری دەدەن لە دۆخی دەستگیركراوانی بادینان.
كۆنگرەی دەنگە ناڕازیەكان ئاشكرایكردووە دەسەڵات “زیاتر لە ٧٥ مامۆستا و چالاكوانی بادینان و هەولێری ڕفاندوە و لە زیندانەكان بەندیكردون و مەترسی گەورە لەسەر ژیانی لانی كەم ٢٦ كەسییان دروستبوە. دەسەڵات دەیەوێت بە كۆمەڵێك تۆمەتی ناڕاست و هەڵبەستراو كەیسەكانییان بگۆڕێ، تاوەكو بە یاسای كۆنی سزادانی عێراقی و یاسای ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر دادگاییان بكات”.
ئەوان هۆشداریانداوە لەوەی ئەو چالاكوانانە بەو شێوەیە لە پێنج تا 20 ساڵ زیندانی سزا بدرێت و دەشڵێت: ئەو دەستگیركراوانە ژمارەیەك هاوڵاتی و چالاكوانی مەدەنین و داوای موچە و دادپەروەریی و چاكسازی دەكەن و هیچ كاریكی نایاساییان ئەنجام نەداوە.
كۆنگرەی دەنگە ناڕازیەكان كە لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ماوەی رابردوو خۆی راگەیاند وتوشیەتی: هەر كەسێك خۆپیشاندان بكات، یان بە نیازی خۆپیشاندان بێت، لە لایەن هێزە ئەمنی و چەكدارە حیزبییەكانەوە بە دڕندانەترین شێوە ڕوبەڕوی لێدان و گرتن دەبێتەوە.
ئەوەشیان روونكردووەتەوە كە بێدەنگبوونی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێكخراوەانی مافی مرۆڤ قۆستراوەتەوە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی رەهای خۆیان و واهەست ئەكەن لەسەرووی یاساو لێپرسینەوەوەن.
ئەوان داواكارن “بەپەلە لێكۆڵینەوە لەژیانی رفێندراو و دەستگیركراوەكانی ناو زیندانەكانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان دەستپێبكەن و فشاریش بكەن بۆ ئازادكردنیان”.
لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەدا داوا لە نوێنەرانی كوردو كوتلەكانی تری ناو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كراوە كار بكەن “بۆ دروستكردنی دادگایەكی تایبەت، بۆ ئەوەی لەوێوە فەرمانی دەستگیركردن و داگاییكردن بۆ ئەو بەرپرسانەی هەرێم و شارەكانی دیكەی عێراقیش دەربكرێت، كە بە ئارەزوی خۆیان خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان و چالاكوانان و هاوڵاتییان ڕوبەڕوی گرتن و لێدان و پاكتاوی جەستەیی دەكەنەوە”.