دادگای دەستوری تورکیا لەبارەی داخستنی هەدەپە دادەنیشێت

لڤین:

دادگای دەستووری تورکیا 21ی ئەم مانگە جارێکی دیکە لە بارەی دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان دانیشتن ئەنجام دەدات و بڕیار لە دروستی داواکەی دژی هەدەپە دەدات.

دادگای دەستووری تورکیا رۆژی 21ی ئەم مانگە یەکەم پێداچوونەوە بە دووەمین تاوانبارکردنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجام دەدات، کە دۆسیەکە لە لایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی دادگای باڵاوە پێشکەش کراوە و تیایدا داوای داخستنی هەدەپە دەکات.

دانیشتنەکەی دادگا دوای ئەوە دێت کە پێشتر دادگا بڕیاری دابوو ئەو داواکاریەی داواکاری گشتی لەسەر هەدەپە تۆماری کردووە راپۆرتی تاوانبارکردنەکەی تەواو نییە و هەر بۆیە داوای لە داواکاری گشتی کردبوو کە راپۆرتی دووەم ئامادە بکات بۆ ئەوەی بڕیار لە دروستی داواکە بدرێت و ئەو پارتە دادگایی بکرێت.

لە کاتی پێداچوونەوەی سەرەتاییدا، ئەنجوومەنی گشتی دادگای دەستوری داواکاریی قەدەغەکردنی سیاسەت لەسەر ئەو کەسانەی کە لە تاوانبارکردنەکەدا ئاماژەیان پێکراوە ڕەچاو دەکات، دواتریش بە هۆی داخستنی حیزب بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و چالاکی و کار جێبەجێ دەکرێت و حسابی بانکی حیزب رادەگرێت.

ئەگەر تاوانبارکردنەکە قبوڵ بکرێت، بۆ بەرگری سەرەتایی ڕەوانەی هەدەپە دەکرێت پێویستە هەدەپە لەو کاتەی کە دادگا بۆی دیاری دەکات بەرگری سەرەتایی خۆی ئامادە بکات لەگەڵ ئەوەشدا، حیزب دەتوانێت داوای درێژکردنەوەی بکات و دادگا بڕیار لە درێژکردنەوەی دەدات.

لە قۆناغی دواتردا بەکر شاهین، سەرۆکی داواکاری گشتی تانە لە بەرگریەکانی هەدەپە دەدات و  نمونەیەکی تانەکانیشی ئاراستەی هەدەپە دەکات، دوای ئەوەش لە دادگادا داواکاری گشتی بە شێوەی زارەکی قسەی خۆی لەسەر دۆسیەکە دەکات و دواتریش رێ بە هەدەپە دەدرێت بە شێوەی زارەکی بەرگری لە خۆی بکات، لە قۆناغی دواتریشدا هەردوو لا کار لەسەر کۆکردنەوە و پێشکەشکردنی بەڵگەی زیاتر دەکەن بە دادگا.

دواتر راپۆرتی دادگاییەکە دەدرێتە سەرجەم ئەندامانی دادگای دەستوری و رۆژی دادگایی کردن لەلایەن زۆهتۆ ئەسلان دیاری دەکرێت، دادگاییەکە بە بەشداری 15 ئەندامی دادگاکە بەڕێوە دەچێت و دەکرێت بە زۆرینەی 2/3ی ئەندامانی ئامادەبووی دادگاییەکە واتە دەنگی 10 ئەندامی دادگا بڕیاری لەسەر بدرێت.

ئەگەر دادگا بڕیار بدات بە داخستنی ئەو پارتە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دامەزرێنەر و بەرپرسانی پارتەکە لە سیاسەت دور دەخرێنەوە بڕیارەکەش ئەو کاتە کاری پێدەکرێت کە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button