هەڵوێستی حکومەت لەبارەی بەرز بوونەوەی نرخی بەنزینەوە ئاشکرا کرا

لڤین:

پاش کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ( چوار شەممە، ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ )ی ئەنجومەنی وەزیران، جوتیار عادل، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا بەشێک لە بڕیار و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کرد و وتی،” له‌مه‌ودوا ده‌وام له‌ فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك خۆی و به‌ شێوه‌ی ئاسایی ده‌كرێت و به‌ هیچ جۆرێك به‌ ته‌ناوب ده‌وام نامێنێت، چونكه‌ بڕیاری ته‌ناوب كێشه‌ی بۆ هاووڵاتیان درووستكردووه‌ و كاروباره‌كانی حكومه‌تی دواخستووه‌”.

هەروەها وتیشی،” كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌ چه‌ند ته‌وه‌رێك پێكهاتبوو، ته‌وه‌ری یه‌كه‌م، تایبه‌ت بوو به‌ ئه‌نجامی سه‌ردانی شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وروپا”.

ڕایشیگەیاند،” ته‌وه‌ری دووه‌م، تایبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووی گفتوگۆی هه‌رێم و به‌غدا و بودجه‌ی ٢٠٢١. خۆشبه‌ختانه‌ دوێنێ به‌غدا بڕیاری دا، مانگانه‌ ٢٠٠ ملیار دینار وه‌ك شایسته‌ی دارایی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات. لێره‌وه‌ پێویسته‌ سوپاسی شاندی دانووستانكاری حكومه‌ت و هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ بكرێت، كه‌ هاوكار بوون”.

وتیشی،” ته‌وه‌ری سێیه‌م، تایبه‌ت بوو به‌ پرسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021ی هه‌رێمی كوردستان، هیوادارین به‌ زووترین كات ته‌واو بكرێت و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت”.

سەبارەت بە چۆنیەتی هاتنی پارە بۆ هەرێم، وتەبێژی حکومەت وتی ،،”له‌ باره‌ی ناردنی پاره‌كه‌، له‌ ( ١ی ١ی ٢٠٢١ ) ه‌وه‌ حساب ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌ بگات و به‌ پێی داهاتی ناوخۆ و داهاتی نا نه‌وتی، كه‌ ٥٠٪ ی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌مێنێـته‌وه‌، ئه‌و كات لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت مووچه‌ چۆن ده‌درێت، ئومێده‌وارین له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تتدا ئه‌و پاره‌یه‌ بگاته‌ هه‌رێم و بابه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ حكومه‌تی فیدراڵ”.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ووتی،” هه‌وڵی به‌رده‌وامیش ده‌ده‌ین بۆ دابینكردنی بودجه‌، ئه‌و داهاته‌ی كه‌ هه‌یه‌، ته‌نیا بۆ مووچه‌ نییه‌ و بۆ خزمه‌تگوزاریشه‌، ئێمه‌ خۆمان به‌ سه‌رپشك ده‌زانین له‌ دابین كردنی مووچه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین تا بكرێت مووچه‌ له‌ سه‌دا سه‌د بدرێت. ئێمه‌ نابێت په‌له‌ بكه‌ین و ده‌بێت به‌ وردبینی و لێكۆڵینه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئێمه‌ كارمان كردووه‌ و سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌رده‌وام له‌سه‌ر هێڵ بووه‌، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ٢٠٠ ملیاره‌”.

ئەماژەی نەوەیشدا،” چۆنێتی ناردنی پاره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراق، ئێمه‌ رێككه‌وتنمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، 11.4 ترلیۆن دیناره‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان دیاریكراوه‌، به‌ گوێره‌ی خشته‌ی خۆی و له‌ چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌دا بنێردرێت”.

لەبارەی بەرز بوونەوەی نرخی بەنزینیشەوە، وتەبێژی حکومەتی هەرێم وتی،” نرخی به‌نزین له‌ جیهان به‌رزبووه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین نرخی به‌نزین جێگیر بكرێت و له‌ خزمه‌تی هاووڵاتیان بێت و له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار قسه‌مان كردووه‌ و ده‌بێت یه‌كلا بكرێته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button