لیژنەی دەستپاکی عێراق: پێدانی 200 ملیار دینار بە هەرێم نایاساییە

لڤین:
لیژنەی دەستپاکیی ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق، لەبارەی ناردنی بڕی 200 ملیار دیناری مانگانە لە چوارچێوەی بەشە بودجەی هەرێم ڕایگەیاند “ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان نایاساییە و پێچەوانەی ماددەی 11ی بودجەی 2021ی عێراقە”.
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد ڕەوانەکردنی بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بەمەبەستی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران بۆ هەرێمی کوردستان کارێکی نایاساییە و پێچەوانەی ماددەی 11یە لە یاسای بودجەدا.
لیژنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بانکی ناوەندی و ئەنجومەنی نوێنەران ئاگادار دەکەینەوە، بەهیچ شێوەیەک هەنگاو بۆ ئەو کارە نایاساییە نەنێن.
لە بەرامبەردا هەریەک لە پەرلەمانتاران جەمال شوكر و ڕێبوار كەریم مەحمود، ئەندامانی كورد لە لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق لە رونكردنەوەیەكدا رایانگەیاند: ئێمە دوو ئەندامی كورد لە لیژنەی نەزاهە – دەستپاكی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە هەموو جۆرێك ئەو بەیاننامەیەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمان رەتدەكەینەوەو هاتنی پارە بۆ هەرێم هیچ گرفتێكی یاسایی نییە و لەچوارچێوەی یاسای بودجەی عیراقی ساڵی 2021 جێی كراوەتەوە.
دەشڵێن: لەبەرئەوەش كە یاساكە بۆ كۆی ساڵی 2021 ئەژماردەكرێ، هەربۆیە دەبێ پارەكە لە سەرەتای ساڵەوە حساب بكرێ و بنێردرێت، دووپاتیشی دەكەینەوە كە ئەو پارەیە بەپێی یاسای بودجە و بەپێی بڕیارەكەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانیش تەنها بۆ مووچە خەرجدەكرێت و بەهۆیەوە نابێ لێبڕینی مووچە لەهەرێمی كوردستان بمێنێت.