قوباد تاڵەبانی: پێشتر نهماندهزانی مووچه به كێ دهدهین

لڤین:
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، لەدوای قەیرانی داراییەوە بۆیان دەركەوتووە شێوازی حكومڕانی هەرێم دواكەوتوو بووە، دەشڵێت: بایۆمهتری كێشهی بن دیوار و دوو مووچهیی چارهسهر دهكات و پێشتر نهماندهزانی مووچه به كێ دهدهین.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیبەتێكدا لە پێشانگای نێودەوڵەتی تەكنۆلۆژی های تێكس لە شاری هەولێر ڕایگەیاند: لە ساڵی 2015 وە ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بوینەتەوە و بۆمان دەركەوت كە شێوازی حوكمڕانی دواكەوتوو بووە و حكومەت بۆ خەڵك دروستكراوە و یاسا كۆنەكان بوونەتە بەربەست لەبەردەم حكومەت و هەوڵدەدین بەسەر بەربەستەكاندا سەربكەوین و دەبێت خۆمان لەگەڵ ململانێ نوێیەكاندا بگونجێنین و دەبێت حوكمڕانی لە هەرێم باشتر بكەین.
سەبارەت بە سیستەمی بایۆمەتریش قوباد تاڵەبانی، وتی: بایۆمەتری كێشەی بن دیوار و دوو مووچەیی چارەسەر دەكات و 475 هەزار ژمارەی بێهاوتا بۆ مووچەخۆران دابەش دەكەین و پێشتر نەماندەزانی مووچە بە كێ دەدەین و وەزارەتی دارایی دەستیكردووە بە دروستكردنی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەران،
جەختیشی كردەوە: “ژمارەی بێهاوتا كێشەی دوو ناوی و سێ ناوی و بندیوار ناهێڵێت”.
سەبارەت بە ئەلكترۆنیكردنی حكومەتیش، وتی: سەردەمی نووسراو و قەڵەم بەسەرچووە پرۆسەی تۆماركردنی كۆمپانیاكان خێراتر دەكەین و ئەلكترۆنیكردنی دامودەزگاكانی حكومەت لەمێژ ساڵە دەستپێكردووە و كەرتی تایبەت هاوكار بووە بەرەو حكومڕانییەكی دیجیتاڵی.