ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازیی لە غەزە بۆردومان کرد

لڤین:
سوپای ئیسرائیل ئاسکرایکرد، فڕۆکە سەربازییەکانیان بۆردومانی چەند پێگەیەکی سەربازیی کەرتی غەزەیان کردووە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ هەڵدانی باڵۆنی گڕدار لە کەرتی غەزەوە بۆ کێڵگەکانی باشووری ئیسرائیل.
لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند “ئامادەین بۆ سەرجەم سیناریۆکان بە نوێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکانیشەوە، ئەوەش بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامبوونی ئەو کارە تیرۆریستییانەی کە لە غەزەوە دەکرێن”.
دوای شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی ڕابردووی نێوان ئیسرائیل و گروپە چەکدارییەکانی کەرتی غەزە کە 11 ڕۆژی خایاند و دواتر بە نێوەندگری میسر شەڕ و پێکدادانەکان ڕاگیران، ئەمە یەکەمین جارە ئیسرائیل و چەکدارانی غەزە هێرش بکەنەوە سەر یەکتر.