لاهور شیخ جەنگی:

یەکێتیی بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان باجی زۆری داوە

لڤین:

لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکانی یەکێتی، ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی لەگەڵ مەکتەبی ڕێکخستن و سەرجەم لێپرسراو و ئەنجوومەن و ئەندامانی مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی سەبارەت بە کۆبوونەوەکان ڕایگەیاندووە:
لە دوو کۆبوونەوەی فراواندا کە ژمارەیەک لە هەڤاڵانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون،هاوسەرۆکان وتاری هەمەلایەنەمان لەبارەی دۆخی یەکێتیی دوای کۆنگرەی چوارەم، دۆخی ناوخۆی هەرێم، کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، پەیوەندییەکانی یەکێتیی، پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق پێشکەش کردووە.
(دۆخی یەکێتیی)
 جەختمانکردەوە کە بەستن و سەرکەوتنی کۆنگرەی چوارەم وەرچەرخانێکی گەورە بوو، مژدەی نوێبوونەوە و سەرکەوتن بوو لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی یەکێتییدا، پەیامی سوپاسگوزاری و پێزانینمان ئاڕاستەی هەڤاڵە دێرینەکانمان کرد و ڕامانگەیاند کە بە دڵگەورەیی و سنگفراوانی و هاوکاری و پشتیوانیی ئەوان و جۆشوخرۆش و دڵسۆزیی کادرەکانی یەکێتیی لە سەرجەم ئۆرگانەکان توانرا کۆنگرەی یەکێتیی سەرکەوتوو بێت و دەستاودەستکردنی دەسەڵات بکرێت کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامدانی پرۆسەیەکی لەو شێوەیە بێ وێنە بوو.
ئاماژەمان بە هەوڵ و هەنگاوەکانی یەکێتیی کرد لە دوای کۆنگرە کە بەو ماوە کەمە و سەرباری ئاستەنگەکان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا توانراوە کاری زۆرباش ئەنجام بدرێت و هەنگاوی گەورە بنرێت بە ئاڕاستەی چالاککردن و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتیی و خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە هەموو ئاستەکاندا، بەڵێنیشمانپێدان کە ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆنفرانسی مەڵبەندەکان ئەنجام بدرێت.
باسمان لە ئەرک و خەبات و تێکۆشانی ئەمڕۆی هەڤاڵانی ڕێکخستنەکان کرد و داوامان لێکردن کە هیمەت بکەن و قۆڵ و بازوی لێ هەڵبماڵن و بچنە ناو جەماوەر و ڕوئیا و سیاسەت و بەرنامەی یەکێتییان بۆ ڕوون بکەنەوە.
(ناوخۆی هەرێم)
ئاماژەمان بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرد و جەختمانکردەوە کە یەکێتیی بۆ سەقامگیریی سیاسی و ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان باجی زۆریداوە ئەوەش لە پێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گۆڕینی سیستمی سیاسی و ئەدای حکومڕانی کە لە ئاست خواست و داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بێت.
(کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان)
بە بایەخەوە باسمان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کرد و ڕامانگەیاند کە یەکێتیی دەگەڕێتەوە کەرکوک و کەرکوک قودسی کوردستانە و لە ڕیزی پێشەوەی کارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندایە، جەختمانکردەوە کە سیاسەت و بەرنامەی یەکێتیی گرنگیدانە بە هاونیشتمانییان لەو ناوچانە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی داعش و گەڕاندنەوەی ئارامییە بە تایبەت لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی تێدا دروستبووە، دووپاتیشمان کردەوە کە یەکەم بەرنامەی سەردان و دیدارەکانیشمان بۆ شار و شارۆچکەکان لە کەرکوکەوە دەست پێدەکات.
(پەیوەندییەکانی یەکێتیی)
ڕامانگەیاند دوای کۆنگرە، یەکێتیی بە پەیوەندییەکانیدا چۆتەوە ئێستا پەیوەندییەکی دۆستانە و بەهێزی هەیە لەگەڵ سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان و توانراوە لە ڕێگەی دیدار و سەردانەکانەوە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنەکان ڕێکبخاتەوە، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانیش بە شیعە و سوننەوە توانراوە باڵانسی هێز بگەڕێندرێتەوە و ئەو پەیوەندییانە بەهێز بکرێتەوە کە بناغەکەی سەرۆک مام جەلال دایڕشتبوو، جەختیشمان کردەوە کە ئێستا یەکێتیی بە سەنگ و قورساییەکی بەهێزەوە گەڕاوەتەوە بەغدا و بەشدارە لە داڕشتنی نەخشەی سیاسی. ئاماژەمان بە فراوانبوون و بەهێزیی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی یەکێتیی کرد و جەختمانکردەوە کە شاند و نێردە نێودەوڵەتییەکان و باڵیۆز و کونسوڵی وڵاتان بە گرنگییەوە دەڕواننە هەڵوێست و بەرنامەی یەکێتیی وەک حزبێکی خاوەن بڕیار لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان.
(پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا)
ئاماژەمان بە گرنگیی بەغدا کرد بۆ کورد و ڕامانگەیاند کە سیاسەتی یەکێتیی گرنگیدانە بە بەغدا و بەدەستهێنانی سەرجەم مافەکانی گەلی کوردە لە ڕێگەی دەستوورەوە کە وەک چەکێکی بە هێز دەتوانین پەنای بۆ ببەین و ئەزموونی هەرێمەکەمان بپارێزین. لەو سۆنگەیەشەوە ئاماژەمان بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا کرد و بە گرنگییەوە باسمان لە هەوڵ و هەنگاوەکانی تیمی یەکێتیی کرد لە حزب و حکومەت، دوای چەندین سەردان و دیدار و کۆبوونەوە بۆ بەغدا و رۆڵی سەرۆککۆمار و فراکسیۆنی یەکێتیی لە بەغدا توانرا ئەو ڕێککەوتنە بگەیەندرێتە ئەنجام کە ئەوەش تەنیا بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم نییە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ترە بە تایبەت کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان.
(هەڵبژاردنەکانی داهاتوو)
جەختمان کردەوە کە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بۆ کورد پرۆسەیەکی چارەنووسسازە، دوپاتیشمان کردەوە کە بۆ بەهێزیی پێگەی کورد لە بەغدا و گەڕاندنەوەی باڵانسی هێز و بەدەستهێنانی تەواوی مافەکان لە ڕێگەی خەباتی پارلەمانییەوە، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکڕیزی بچنە بەغدا، لەو ڕووەشەوە ئاماژەمان بۆ پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان یەکێتیی و بزووتنەوەی گۆڕان کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، داواشمان کرد هەموو لایەنە کوردستانییەکان بێنە ژێر چەتری ئەو لیستە بۆ ئەوەی کورد بە زۆرترین ژمارەی کورسی و بە یەکدەنگی لە بەغدا خەبات بکات بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکان.
دڵنیاییماندایە هەڤاڵانمان لە مەڵبەندەکان کە ئاسۆی یەکێتیی لە هەڵکشاندایە و یەکێتیی دەتوانێت وەک هێزێکی کاریگەر هەموو لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا کۆ بکاتەوە و خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button