حکومەتی هەرێم وەڵامی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەداتەوە

لڤین:

ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١ )، رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دەزگای پاراستن-ی پارتی تۆمەتبار دەکات بە دەمکوتکردنی خۆپیشاندەران لە رێگەی دەستگیرکردنیان بەشێوەی هەڕەمەکی و دادگایی کردنیان بەشێوەیەکی نادادپەروەرانە و ترساندنیان.

دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، وەڵامی ڕاپۆرتەکەی دایەوە و ڕایگەیاندووە،” حوکمەتی هەرێم ئەو بەهایانەی گرتۆتەوە ئامێز کە پێویستن بۆ بەرجەستەکردنی وڵاتی دامەزراوە، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هاوچەرخ، و پشت دەبەستێت بە ستراتیژی پتەو بۆ داڕشتنی یاسا و ڕێسا بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی ئازادییە تاکەکەسییەکان بێت”.

دەقی وەڵامی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم:

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە 15 ی حوزەیرانی 2021 ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین و سەروەری یاسا .

حوکمەتی هەرێم ئەو بەهایانەی گرتۆتەوە ئامێز کە پێویستن بۆ بەرجەستەکردنی وڵاتی دامەزراوە، کۆمەڵگەیەکی مەدەنی هاوچەرخ، و پشت دەبەستێت بە ستراتیژی پتەو بۆ داڕشتنی یاسا و ڕێسا بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی ئازادییە تاکەکەسییەکان بێت .

بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ڕابردوودا، ئاڵەنگاریەکی زۆری خستە بەردەم حکومەتی هەرێم. لە بەرامبەردا، حکومەت پاراستنی تەندروستی گشتی لە بەرچاو گرتووە. بەتایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە میدیایەکان کرد کە هانی خەڵکی نەدەن بۆ سەرپێچیکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان. سەرئەنجام، ئەوانەی ڕێنماییەکانیان شکاند و گردبوونەوەیان ئەنجامدا و ئەو میدیایانەشی هانی سەرپێچیکردنیان دەدا، دووچاری ڕێکاری یاسایی بوونەوە، بەڵام حوکمەت، بەدەر لە ڕێکاری یاسایی، هیچ کەسی لەسەر ئەم پرسە دەستبەسەر نەکردووە .

لە ڕاستیدا، لەو گردبوونەوانەی ڕاپۆرتەکەی ئەمنستی ئاماژەی پێداون، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکرا و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی برینداربوون، هەروەها زیانی زۆر بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت کەوت .

زۆربەی حکومەتەکان لە سەرتاسەری جیهاندا رێوشوێنی سنوورداریان گرتۆتەوەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە. حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە کە کردەوەکانی لەو هەلومەرجدا ڕاست بوون، لەگەڵ پابەندبوونەکانی مافی مرۆڤ لە ژێر یاسای نێودەوڵەتیدا یەکیانگرتۆتەوە .

حکومەتی هەرێمی کوردستان میدیای ئازاد بە کۆڵەگەیەکی گرنگی حوکمڕانی و توخمێکی بنەڕەتی دیموکراسی دەزانێت. ئێمە شانازی دەکەین کە کوردستان میدیای ئازاد و بێ بەندوباوی هەیە، و نموونەی بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندنە لە ناوچەکە و هەمیشە پێویستی هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخەکە .

حوکمەتی هەرێم داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) و نووسینگەی تایبەتی کۆمیسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ کردووە تا هاوکار بن لە بەرەوپێشبردنی سیستەمی یاسایی. هاوکات، ئێستا هەماهەنگی لەگەڵ بەڕیتانیا هەیە بۆ ڕاهێنان بە دادوەران .

هەروەها، حوکمەتی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی خاچی سوور هەیە، و بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی هەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاکسازییەکان بکا لە هەرێم. یۆنامییش بەم دواییانە مۆڵەت سەردانی پێدراوە. لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕێککەوتنە، یۆنامی ١٤ سەردانی ئەنجامداوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٦٠ زیندانی ئەنجامداوە .

لە هەمان کاتدا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بانگێشتکراون بۆ بەرەوپێشبردنی چاکسازیی یاسایی و دادوەرییەکان لە هەرێم. هەروەها، دامودەزگاکان سەبارەت بە پرسی ئازادییەکان لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لە گفتوگۆ دان .

حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن، و ئازادی ڕاگەیاندن کاری لەپێشینەیەتی. حکومەت لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکان کاردەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کوردستان بەتەواوی پابەنده بە پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لە بواری ئازادی میدیادا.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button