خەزعەلی: بڕیاری ڕووبەرووبوونەوەمان دژی ئەمریكا داوە

لڤین:
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهلی حەق، ڕایگەیاند، بڕیاری ڕووبەرووبوونەوەمان دژی هێزەكانی ئەمریكا داوە.
میدیا عێراقییەکان، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی میلیشیای عەسایب ئەهلی حەق، رایگەیاندووە: “بزووتنەوەكەمان كە لەلایەن ئەمەریكاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، هەرگیز لە بژاردەی سەربازی دژی هێزەكانی ئەمەریكا وازناهێنێت، تا ئەوكاتەی لە عێراق دەچنە دەرەوە”.
خەزعەلی ڕاشیگەیاندووە: چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمە بڕیاری زیاترکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئەمریکییەکان داوە و پێویستە ئەمریکییەکان بزانن، کە ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەیان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە حەشدی شەعبی “تاکە دەزگای سەربازیی شەرعی و یاسایی عێراقە”.
لێدوانەکەی قەیس خەزعەلی دوای ئەوە دێت، کە باس لەوەدەکرێت لە ماوەی هەفتەیەکدا، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی دوو جار سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ سەرکردەکانی هێزەچەکدارەکان و لایەنە شیعەکان کۆ بووەتەوە.