بڕی گەنمی وەرگیراوی هەرێم لەلایەن بەغداوە ئاشکراکرا

لڤین:

لیژنەی لیژنەی باڵای داڕشتنی پلانی كشتوكاڵی بۆ عێراق‌و هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ ( دووشەممە، ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) لە شاری بەغدا، كۆبوەوە‌و تیایدا بڕیاردرا،”  ئەمساڵ تەنها ( ٣٧٥ هەزار تۆن ) گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عیراقەوە وەربگیرێت”.

لەبارەی گەنمی وەرگیراوی هەرێم لەلایەن بەغداوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند،” پاش ئەوەی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم کۆبونەوە بڕیاردراوە بۆ ساڵی ( ٢٠٢١ بڕی ٣٧٥ هەزار تەن  )گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت.

ڕایشیگەیاندووە،” بۆ ئەو مەبەستە سایلۆکانی هەرێم ئامادەکارییان کردووە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمە لەجوتیاران”.

حکومەتی عێراق نرخی گەنمی جوتیارانی بەمشێوەیە دیاریکردووە:

– نرخی تۆنێک گەنمی پلە یەک = ٦١٠،٠٠٠ دینار
– نرخی تۆنێک گەنمی پلە دوو = ٥٣٠،٠٠٠ دینار
– نرخی تۆنێک گەنمی پلە سێ = ٤٧٠،٠٠٠ دینار

جێگەی ئاماژە پێدانە، جگە لە ڕادەستکردنى ئەو بڕە گەنمە بە بەغدا، بۆ ئەمساڵ وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم میکانیزمێکى دیکەى خستووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەى سەرجەم گەنمى جوتیاران وەربگیرێت، کە ئەویش پڕۆژەی بەبازاڕ کردنی گەنمی جوتیارانە لە هەرێمی کوردستان، کە بریتییە لە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم و پاشان پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی هەرێم لە ( ئارد ، بڕوێش ، ساوەر …. هتد ).

سەرەتاى ئەم مانگە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڕیاریدا بەدیاریکردنی نرخی کڕینەوەی گەنمی جوتیاران لە دەرەوەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەلايەن عيراق، لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی گرێبەستێک کە ئەنجامیداوە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ( خۆشناو و قەیوان ).

 

بەپێی فەرمانێکی وەزاری ژمارە سێ هەزار و 750 کە لە ڕێکەوتی 6ی حوزەیرانی 2021 بە واژۆی بێگەرد تاڵەبانی دەرچووە، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو کۆمپانیای ناوبراو لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، نرخی کڕینەوەی گەنمی جوتیاران بۆ ئەم ساڵ دیاریکراوە.

بەگوێرەی گرێبەستەکە، نرخی وەرگرتنی جوتیاران بەمشێوەیە دیاریکراوە:

– نرخی تۆنێک گەنمی پلە یەک = ٤٧٥،٠٠٠ دینار
– نرخی تۆنێک گەنمی پلە دوو = ٤٠٠،٠٠٠ دینار
– نرخی تۆنێک گەنمی پلە سێ = ٣٢٥،٠٠٠ دینار

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button