قائیمقامیەتی سۆران لەبارەی دۆزینەوەی سکەی کانزایی لە گوندی سرێشم رونکردنەوە دەدات

لڤین:

قائیمقامیەتی قەزای سۆران لەبارەی دۆزینەوەی سکەی کانزایی لە گوندی سرێشمەی سەر بە ناحیەی خەلیفان رونکردنەوە دەدات و ڕایگەیاندووە،” تێکڕای ئەو پارچە سکانە لەژێر دەستی لیژنە دایە، کە ٤٦٨پارچە سکەی دۆزراوەن و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران دەکرێت”.

دەقی رونکردنەوەکە…
ڕوونکردنەوەیەک لە قائمقامیەتی قەزای سۆرانەوە

راستی و دروستی رووداوی دۆزینەوەی (سککەی کانزایی) لە گوندی سرێشمەی سەربە ناحیەی خەلیفان لەچەند رۆژی ڕابردوو ، کە بووە ھۆی بڵاوبوونەوەی چەندین زانیاری نا دروست  لە ھەواڵ و سوشیال میدیا..

بۆ ئەم مەبەستە بۆ ڕای گشتی ئەو ڕوونکردنەوەیە بڵاودەکەینەوە ..

رێکەوتی ٠٤/٠٦/٢٠٢١ لەلایەن ھاوڵاتییەک لە گوندی سرێشمە بەناوی (ر) لەکاتی کارکردنی لە پارچە زەویەک گۆزەیەک دەردەکەوێت و بەھۆی ئامێری (حەفارە)‌ گۆزە دەشکێت، ھەر لەلایەن ھەمان ھاولاتییەوە پارچە سککە کانزاییەکان کۆ دەکرێنەوە، دوای سێ ڕۆژ پارچە سکەکان کە (٢٠٤) پارچە بوون ڕادەستی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات ..

لەسەر فەرمانی بەڕێز وەزیری ناوخۆو ئەنجومەنی ئاسایش، بۆ بەدواداچوون لەم کەیسە لەلایەن قائمقامیەتی قەزای سۆران لیژنەیەکی لێکۆلینەوە کە پێکھاتبوون لە ھەریەک لە نوێنەرانی (قائمقامیەتی سۆران، ب. ئاسایشی سۆران، ب. پۆلیسی سۆران، ب. شوێنەواری سۆران) لەژێر چاودێری قائمقامی سۆران دروست بوو ، دوای سەردانی مەیدانی و لێکۆلینەوەو بەدوا داچوونێکی زۆر لەلایەن لیژنەوە، کە بەردەوام لە پەیوندی دابوون، بەھاوکاری خەڵکی گوندو ھاوولاتی ناوبراو (٢٦٤) پارچە سککەی کانزایی تریش لەھەمان شوێن دۆزرانەوە، تێکڕای ئەو پارچە سککانە لەژێر دەستی لیژنە دایە (٤٦٨) پارچە سککەی دۆزراوەن و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران دەکرێت.

ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران لە ڕێگای کەسانی پسپۆرو شارەزا بەردەوام دەبێت بۆ لێکۆڵینەوەی شوێنی دۆزینەوەی ئاسەواری ناوچەکەو مێژووی ئەو پارچە سککانە..

وێڕای دەست خۆشی بۆ لیژنەو ھاوڵاتی خاوەن زەوی و دانیشتوانی گوندی سرێشمە کە ھاوکاری لیژنەبوون بۆ پاراستنی ئەو پارچە ئاسەوارانەو پاراستنی شوێنەکە. بۆ ڕای گشتیش رایدەگەیەنین تێکڕای ئەو پارچە سککانەی دۆزراونەتەوە ڕادەستی لیژنە کراوە (٤٦٨) پارچەن و بەپێی زانستە سەرەتاییەکان دراوی کۆنن، ھەروەھا ئەو پارچە ڤیدیۆو وێنانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە،‌ دوورو نزیک پەیوەندی بەو ڕووداوەوە نیەو شێوەو پێکھاتەشیان جیاوازە .

لە داھاتووشدا زانیاری زیاتر لەسەر مێژووی ئاسەوارو پارچە دۆزراوەکان بە فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران  بڵاودەکرێنەوە .

لەگەڵ ڕێزماندا …
قائمقامیەتی قەزای سۆران
١٣/٠٦/٢٠٢١

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button