تۆزی بادینان

ماوەیەكە ئاڵۆزییەكانی بادینان لەپەرەسەندندایە، پێدەچێت گرژییەكانی نێوان پارتی و پەكەكە لەلایەك و توركیاو پەكەكە لەلایەكی دیكە زیاتر ببێت و دۆخێكی خراپ روو لەناوچەكە بكات. بنكەو بارەگاكانی تورك لەباشور روو لەزیاتر بوونەو روبەری شەڕو گرژییەكان لەفراوانبوونە.

پێدەچێت چارەسەركردنی دۆخەكە لەتوانای پارتی زۆر واوەتر بێت، لەلایەك تورك رۆژانە بنكەو بارەگای نوێ‌ دروستدەكەن، ئەمە وایكردووە پارتی هەست بەجۆرێك لەترس بكات، نەخاسمە جیاواز لەجاران لەهەندێ ئۆپراسیۆن پارتیش ئاگادار ناكەنەوە! لەلایەكی دیكە هێزەكانی پەكەكە هاتوونەتە قوڵایی خاكی باشورو تەنها لەناوچە سنورییەكاندا نین، بەڵكو قسەیەكی ناسراو هەیە دەوترێت “پارتی تەنها جادەكانی بادینانی بەدەست ماوە، ناوچەكان یان لەدەست توركە، یان لەدەست پەكەكە”.

پێموانیە لەم قۆناغەدا پارتی بیەوێت شەڕی پەكەكە بكات، چونكە روبەرووبونەوەی پەكەكە بۆ هێزەكەی پارتی ئاسان نییە. پەكەكەش نایەوێت روبەرووی پارتی ببێتەوە، چونكە لەدۆخێكی سەختدایەو ناكرێت لەیەككاتدا شەڕی توركیاو شەڕی پارتی بكات. واباشترە مامەڵەیەكی نەرمتر لەگەڵ پارتی بكات و لانیكەم بەرەیەك هێوربكاتەوە، بەڵام ئایا شەڕی پارتی لەگەڵ پەكەكە، لەدەست پارتیە؟ ئەمەیان لێدەگەڕێین بۆخۆیان.

ئەوەی زانراوە فشارێكی گەورە لەسەر پارتی هەیە، بۆ بەشداریكردن لەو شەڕە دژی پەكەكە، بۆیە ئێستا پارتی بەدوای تەگبیرێكدا دەگەڕێت تاوەكو لەم دۆخەدا بەتەنها نەبێت، چونكە كەسی لەگەڵ نییە. بۆیە دەیەوێت شەرعیەتێك بدات بەشەڕكردنەكەو پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆخۆی پەیدا بكات.

ئەوەی دیارە، پارتی دەیەوێت ئەم شەڕە لەشەڕی خۆیەوە بكات بەشەڕی حكومەتی هەرێم بۆیە دەوێت شەڕەكە بخاتە ئەستۆی وەزارەتی پێشمەرگە كە وەزیرەكەی لای یەكێتییە. بۆیە لەمیدیاكان بڕیارو دەستپێشخەری گواستنەوەی یەكەی هەشتا كە هێزێكی حزبییە بۆسەر وەزارەتی پێشمەرگەیان بڵاوكردەوە.

ئەم بڵاوكردنەوەیەی پارتی بۆ سێ‌ مەبەستە. یەكەمیان؛ یەكێتیی نیشتیمانیی بخاتە مەوقیفەوە كە پارتی دەستپێشخەرە بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە. دووەم؛ ئەگەر ئەو هێزە بگوێزرێتەوە سەر وەزارەت ” بێگومان هەر بەشكلی دەبێت” ئەوا هەر شەڕێك لەنێوان پەكەكەو ئەو هێزەدا لەبادینان دروستبێت ئەوا ئۆتۆماتیك شەڕەكە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو پەكەكە دەبێت. سێیەم؛ ئەگەر هێزەكەی پارتی بچێتەوە سەر وەزارەت، ئەوا هەر هاوكارییەكی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بێت، ئۆتۆماتیك بەشێكی بۆ ئەو هێزەی پارتی دەبێت. خۆ ئەگەر یەكێتیی هێزەكەی خۆی نەخاتەوە سەر وەزارەت ئەوا هێزەكە لەو هاوكارییانەی هاوپەیمانان سودمەند نابێت.

خولاسە، ئێمە نازانین ئاراستەی رووداوەكان بەرەو كوێیە، بەڵام ئەوەی روونە، ئەو گرژییەی هەیە، گرفتی نێوان دوو حزبە، پەیوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە نییە. نە پەكەكە بەئیزنی حكومەت و خەڵكی كوردستان هاتوونەتە ناو هەرێم، نە توركیا كە ئێستا بەشێك لەخاكی باشوری داگیركردووە بەئیزنی حكومەت و پەرلەمانی هەرێم هاتۆتە ناو خاكی كوردستان. بەڵكو بەپێی لێكتێگەیشتن و رێككەوتن لەگەڵ پارتی هاتوونەتە هەرێم بنكەو بارەگایان دامەزراندووە. كەوایە گرنگە بۆ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هەموو لایەنەكانی دیكە بەیەكەوە دژی شەڕی براكوژیی و بەشداری وەزارەتی پێشمەرگە لەو شەڕە بوەستنەوە، ئەگەر بڕیاریشە قسەیەك لەبارەی چارەسەری ئەو پرسە بكرێت، ئەوا هەموو لایەنەكان بەیەكەوە دانیشتن چارەسەرێك بدۆزنەوە. ناكرێت گرفتێك پەیوەندی بەلایەنێكی سیاسیەوە هەیە، بكرێتە گرفتی هەموو خەڵكی كوردستان. ئەگەر بڕیارە داوا لە پەكەكە بكرێت سنورەكانی كوردستان جێبهێلێت، ئاوها داوا لەتوركیاش بكرێت كوردستان چۆڵبكات و كۆتایی بەو داگیركارییە بهێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button