دەنگێکی زوڵالی ئاشتی لە بادینان

(١)

سلێمانی و هەولێر هیچکات باوەڕیان بەئیڕادەی خەلکی بادینان نەبووە، رۆژێک لە رۆژان بەچاوی ئازادیخواز و، مەدەنی و، جێگای متمانە و خاوەن ئیڕادە لە خەلکی ئەوێمان نەڕوانیە، پێمانوابووە ئەوان لەپاش ئێمە هەنگاو دەنێنن، دەمانگوت لە بادینان عەشیرەتگەری باڵادەستە، زۆرجار ئەو قسە سواوە لەناو خەلکی عەوام دەگوترایەوە کە “خەلکی بادینان دواکەوتوون”

(٢)

بەڵام کچێک لە بادینان بەناوی (گەلاوێژ هەمزە) لە کەناڵێکی نزیک لەو حیزبەی باوکی گیانی خۆی لە پێناو بەخشی،
گوتی ” باوکم پارتی بوو، لە شەڕی پەکەکە شەهید بوو، بەڵام من بە شەهید هەژماری ناکەم و، شاناژیش بە شەهیدبوونی ناکەم”.

(٣)

بەری چەند رۆژانیش، برای یەکێک لەو پێنج قوربانیەی چیای مەتین لەدهۆکەوە وەڵامی ئەو پرسیارەی بێژەری کەناڵی رووداوی دایەوەو، گوتی “من پەکەکە بە دوژمنی خۆم نازانم، ئەوە داواکاری تورکیایە”.

(٤)

سەرچاوەی زۆربەی نەهامەتی و ماڵوێرانی کورد لە پیرۆزکردنی حیزب سەرچاوەی گرتووە، حیزب شەڕ بکات یان ئاشتی ئێمە چەپڵەی بۆ لێدەدەین! لای کورد نەتەوە و خاک واتە حیزب!
ناسیاوێکمان کە باوکی لە شەری ناوخۆ کوژرایە، جارێکیان گوتی” حکومەت هەرچیەکمان لۆبکات، هەر کەمە، چونکە باوکم لەپێناوی ئەو خاکە شەهیدبووە!” راستە حکومەت هەرچیەکیان لۆبکات کەمە، چونکە ئەوانیش قوربانیین، بەڵام پێیوابێت باوکی لەپێناوی خاک شەهیدبووە، هەڵەیە.

(٥)

هەڵوێستی ئەو کچەی بادینان گرنگە، ئاسان نیە مرۆڤ بکوژی باوک و برای بە دوژمن نەبینی و، بێژێ” شانازی بە شەهیدبوونی باوکم ناکەم و بە شەهید هەژماری ناکەم”، ئەوە لە هەولێر و سلێمانی و پارچەکانی دیکەی کوردستان نەبووە و نیە، بیری نەتەوایەتی و وڵاتپارێزی سەروی حیزبایەتی بەو شێوەیە فۆرمۆلە دەبێت.

(٦)

هەولێریەکان قسەیەکیان هەیە دەڵێن” شەڕ لەبادینان تۆز لەدەرکێ مە”
ئەگەر شەڕ لەبادینان رووبدات، تۆزکەی دەگاتە هەولێر و، سلێمانی و هەموو کوردستان، بۆئەوەی شەڕ روونەدات، دەبێت لایەنگری و هاوسۆزی هیچ لایەکیان نەبین.
بەڕاست، ئایا کەس لە پایتەختی رۆشەنبیری(سلێمانی) و پایتەختی هەرێمی کوردستان(هەولێر) لە کەسوکاری کوژراوانی یەکێتی، پارتی، پەکەکە و هەموو حیزبە کوردیەکان هەیە وەک ئەو کچەی بادینان بەجورئەتەوە بێژی” شانازی بە شەهیدبوونی باوک و، برا و کەسوکارم ناکەم کە لە شەڕی کوردکوژی کوژران؟!”

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button