نرخی ئاوی ماڵان گۆڕانکاری بەسەردا هات

لڤین:
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان رایدەگەینێت، بەرێژەی 23% كرێی ئاوی ماڵانیان كەم كردووەتەوە، زۆرترین بڕە پارە لە 45 هەزار دیناری مانگانە تێپەڕ ناكات.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان بە میدیایاکانی نزیك لە پارتی ڕاگەیاند ” پێشووتر ئەگەر هاوڵاتییەك مانگانە تا 60 مەتر سێجا ئاوی بەكاربهێنایە، كە دەكاتە 60 تانكی 5 بەرمیلی، ئەوە 25 هەزار و 750 دیناری بۆ دەهاتەوە، بەڵام ئێستا كەم كراوەتەوە بۆ 19هەزار و 750 دینار، واتا 23% كەمكراوەتەوە”.
ئەو وتیشی: پێشتر ماڵ هەبوو 100 بۆ 200 هەزار دینار یان زیاتری بۆ دەهاتەوە، ئێستا زۆرترین بڕە پارە لە 45 هەزار دیناری مانگانە تێپەڕ ناكات و ئەگەر هاوڵاتییەك لە خولەكانی پێشووتر لە یەك مانگ لە 45 هەزار دینار زیاتری بۆ هاتبێتەوە، بۆی رێك دەخرێتەوە لەسەر 45 هەزار دینار.
وتیشی: بۆ نموونە هەیە پارەی زۆری بۆ هاتووەتەوە، 100 هەزار بێت یان هەر بڕە پارەیەكی تر، ئەوە هەر دەكرێتەوە 45 هەزار دینار و لەو مانگەوە ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكرێ.
ووتیشی: ئەو هاوڵاتییانەی پێوەریان نییە، بۆ سێ مانگ 100هەزار دیناربوو دوای سێ مانگ دەبووە 200 هەزار دینار، بەڵام ئێستا گۆڕاوە و جێگیر كراوە و بووەتە 80 هەزار دینار، بەڵام باشترین و سەرەكیترین میكانیزم بۆ زانین و كۆنتڕۆڵكردنی ئاو لەلایەن هاوڵاتیانەوە، پێوەری ئاوە و ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بڕی 400 هەزار دیناری بۆ چوار مانگ بۆ هاتبێتەوە، ئێستا لەكاتی دانەوەی قەرزەكەیدا مانگی تەنیا 45 هەزار دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە لەبری ئەو 400هەزار دینارە قەرزە، تەنیا 180 هەزار دینار دەداتەوە.