لڤین وردەکاری هێنانی چەکدارانی سوری لەلیبیا و ئەرمینیاوە بۆ شەڕی پەکەکە ئاشکرا دەکات

لڤین: تایبەت

تورکیا ئەو چەکدارانەی بە کرێ ناردبوونی بۆ شەری لیبیا دەگێڕێتەوە و لە شەڕی پەکەکەدا بەکاریان دەهێنێت ئێستاش ژمارەیەک لەو چەکدارانە هێندراونەتە سنوری بادینان.

لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕو ئاڵۆزیەکان لە سنوری بادینان لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە ماوەی رابردوو، تورکیا هەزار چەکداری گروپەکانی سوریای بە کرێیەکی زۆر هێناوەتە هەرێمی کوردستان و لە شەڕی گەریلاکانی پەکەکەدا بەکاریان دەهێنێت.

لەگەڵ شەڕی ناوخۆی لیبیا کە تورکیا بەشێک بوو لە شەڕەکە، هەزاران چەکداری لە گروپە چەکدارەکانی سوریا بەکرێ گرت کە ژمارەیان دەگەیشتە سەروی ١٠ هەزار کەس بە چەند قۆناغێک رەوانەی لیبیای کردن.

ئامانجی تورکیا لە ناردنی ئەو چەکدارانە بۆ ئەوەبوو تا لە تەنیشت حکومەتی ویفاقی پێشوو لە دژی سوپای نیشتمانی لیبی بە سەرکردایەتی حەلیفە حەفتەر شەڕ بکەن، لە شەڕی ئەرمینیاشدا ئەو چەکدارانە بە پارەی تورکیا هاوشانی هێزەکانی ئازەربایجان شەریان لە دژی ئەرمینیا کرد و هەرێمی قەرەباخیان داگیرکرد.

ئەو چەکدارە سوریانە پێشتر لەلایەن تورکیاوە ٢٠٠٠ دۆلاری مانگانەیان پێدەدرا، بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی بەرۆکی تورکیای گرتووە لەگەڵ نەمانی شەڕ لە لیبیا و ئازەربایجان مانگانەکەیان بۆ ٥٠٠ دۆلار کەمکرایەوە.

دوای زۆر بوونی زیانەکانی تورکیا لە شەڕی پەکەکەدا تورکیا جارێکی دیکە بیری لە بەکار هێنانەوەی ئەو چەکدارانە کردەوە لە شەڕی پەکەکەدا بۆیە لە ڕێی کۆمپانیا ئەمنیەکانەوە جارێکیتر دەستی کردەوە بە بە کرێگرتنی ئەو چەکدارانە بۆ شەڕی پەکەکە بەڵام کرێیەکی زیاتر لە شەڕی ئەرمینیا و لیبیایان پێدەدات.

بە گوێرەی زانیاریەکانی لڤین لە ئێستادا تورکیا ٥٦٠ چەکداری سوپای ئازادی سوریا کە گرووپێکی سەر بە تورکیان، لە لیبیاوە گەڕاندووتەوە و لە ئێستادا لە ناحیەی ڕووباروکی لە قەزای شەمزینانی سەر بە جولەمێرگ لە سنوری باکوری کوردستان و ھەرێمی کوردستان جێگیرکراون.

لڤین ئەوەشی زانیوە ژمارەیەکی دیکەی چەکداری سوری کە لە شەری ئازەربایجان و ئەرمینیا و شەڕی ناوخۆی لیبیا کاری پێیان نەماوە هێناوەتە ناحیەی بامەڕنی و پلانیەتی پێش سەربازانی تورکیا بکەون.

هۆکاری گواستنەوەی ئەو سەربازانە بۆ شەڕی پەکەکە زۆری ژمارەی کوژراوانی سوپای تورکیایە لە ماوەی رابردوو، کە ئەوەش ناڕەزایی لە ناوخۆی وڵاتەکە دژ بە شەڕ لێکەوتووەتەوە، هەربۆیە کوژرانی ئەو چەکدارە سوریانە کێشە بۆ حکومەت دروست ناکات لە ناوخۆی تورکیادا.

سوپای تورکیا جگە لە بەکار هێنانی ئەو چەکدارانە پشتیش دەبەستێت بە هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ کە بودجەکەیان لەسەر هێزەکانی زێرەڤانییە و حکومەتی هەرێم پارەیان بۆ دابین دەکات، بەڵام پێشمەرگەی رۆژ ناچنە ناو شەڕی راستەوخۆوە، تەنها سنورەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو نەوچانەی سنورە لەگەڵ گەریلاکان پێیان کۆنتڕۆڵ دەکەن.

لە کاتی شەڕی لیبیا تورکیا پێنج هەزار چەکداری رەوانەی ئەو وڵاتە کرد، بەشێکی زۆریان لێ کوژرا کە نزیکەی ٢٠٠ چەکداربوون، لە شەڕی ئەرمینیاشدا تورکیا ٢٥٠٠ چەکداری رەوانەی قەرەباخ کرد و بە وتەی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئەنجامدا ٢٣١ چەکداریان کوژران.

ئەو چەکدارانەی تورکیا رەوانەی هەرێمی کوردستانی کردوون لە چەکدارانی گروپەکانی (حەمزە، بەرەی شامییە، لیوای موعتەسەم، لیوای شامل)ن، بەڵام تائێستا روون نەبووەتەوە بەشداری کام شەڕەیان کردووە لەگەڵ پەکەکەدا.

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button