عزەت دوری فرۆشتبووی، تورکیاش کڕیویەتی

ڕێککەوتننامەی واشنتن، نەخشەڕێگەیەکی ڕوونی داڕشت بۆ ئیدارەدانی هەرێم، بەڵام تا ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە 2003 پارتی نەدەهاتە ژێر باری ئاساییکردنەوەی تەواوی دۆخی کوردستان.

کڕین و فرۆشتن بەخاك و موڵکی گشتیەوە، زۆر کۆنە و چیرۆکی سەیرو سەمەرەشی هێناوەتە ناو دنیای سیاسەتی کوردەواری.

لەسەردەمی بێنە و بەردەو حەفت و هەشتی، لیژنەی ئاساییکردنەوەی هەرێمی کوردستان، پارتی لەزۆنی سەوز داوای هەر تەلارو خانوێکی کردبایە، بێ سێ و دوو وەریدەگرتەوە، بەڵام لەهەولێر و دهۆک پارتی بەئارەزووی خۆی، مومتەلەکاتی یەکێتیی دەدایەوە، بۆ نمونە یەکێتیی داوای بارەگای سکرتاریەتی مام جەلال یان لەهەولێر کردەوە، کە لەسەردەمی بەعس ئەم تەلارە بارەگای عزەت دوری بووە، لیژنەکەی پارتی بە یەکێتییان گووتبوو، ئەم بارەگایەمان لەعزەت دوری کڕیووەتەوە!

بەڵام دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس، یەکێتیی لەپێناو یەکخستنی دەنگ و ڕەنگی کورد، بەکۆمەڵێك سازش و تەنازول، بۆ ئەوەی پارتی، ڕازی بکات، بەیەکخستنەوەی هەرێمی کوردستان، جارێکی تر دەسەڵاتی بەڕێوەبردن، لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پەنجا بەپەنجا، لەچوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ستراتیژی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەڵام کەس بۆی نەبوو قومار بەخەڵکی کوردستان و دەستکەوتەکانیەوە بکات.

لەسەردەمی پەنجا بەپەنجادا، بودجە لەبەغداوە دەهات، مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی هەرێم لەکات و ساتی خۆیدا دەگەیشت، مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرو  پۆلیسی هەولێرو سلێمانی بەیەکەوە دەگەیشت، بەڵام لەدوای ئینشیقاقی گۆڕان و تێکچوونی بەڵانسی هێز، هەر شتێك پارتی حەزی لێ بووبێت و تەنانەت مافی خۆشی نەبێت، بەڵام بەناوی زۆرینەی پەرلەمانیەوە دەیبات و دەیکات، هەرکاتێکیش یەکێتیی ناڕازی بووایە، لەهجەی تەهدید بەکار دێنێت، هەموو جارێکیش لەهجەی تەهدیدەکەی ئەوەندە بەهێزبووە، تەنانەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش تووشی شۆك کردووە، چونکە یەکێتیی بەم هێزە سەربازیە دەست وەشێنەشی، جورئەتی ئەوە ناکا، یاخود پێی شەرمە، تەهدیدی ناوخۆی پێ بکا.

پارتی تەنانەت لەنوسینەوەی دەستوریشدا، نەیشاردۆتەوە، کە دەبێ بەدڵی ئەم، بنوسرێتەوە، ئێ پێی دەڵێی دەستور، خۆ بەیاننامەو پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب نیە، تەنیا بەدڵی تۆ بنوسرێتەوە، چونکە دەستور بۆ هەرێمێك دەنوسرێت کە پێکهاتووە لە کوردو کلدۆ ئاشور و تورکمان و سریان و ئەرمەن و عەرەب و ئیسلام و کریستیان و ئێزیدی و زەردەشتی و یارسانی، پڕۆژەی دەستوری کوردستان، پەیمانێکە بۆ هەمووان، بۆیە دەبێ تا ئەوپەڕی سەخاوەت و چاوتێری و دەستکراوەیی تێدا بێت، بۆ مافە سیاسی و کلتوری و ئیداریەکان، بۆ هەموو پێکهاتەو بیروبۆچوونە جیاوازەکان، بۆ ئەوەی لەڕۆژی لێقەومان و هەر ڕوداوێکدا، هەمووان پێکەوە، بەرەنگاری مەترسییەکان بینەوە، وەکو ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت.

لە2014 ەوە بەناوی زۆرینە، پارتی هەرێمی کوردستانی دووچاری چەندین نەهامەتی و ماڵوێرانی کردۆتەوە، لەوانە ئابووری سەربەخۆ و ململانێ لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی عیراق.

دوو مانگ بەدیار داعشەوە دانیشتبوو، ڕێگری لەداعش نەکرد تا موسڵ داگیر نەکات، هەر بەناوی زۆرینەی پەرلەمانیشەوە، داعشی کردبوو، بە دیفاکتۆ و دەیانگوت دراوسێ نوێیەکەی کوردستان.

یەکێتییشی تۆمەتبار دەکرد کە گوایە بەکرێگیراوی ئێرانە، بەڵام بەبێ ئەوەی یەك ڕەبایەی پاسدار و چریك لەسنوری یەکێتییدا، هەتا ئەم چرکەیەش بوونی هەبێت، بەڵام خۆشی ڕێگەی بۆ هێزەکانی تورکیا، بەشێوەیەك تەخت کردووە، خەریکە تانکەکانی تورکیا دێنە ناو بازاڕی شێخەڵڵاو دارخورماکانی شەست مەتریش دەبڕنەوە.

ئێستا مەترسیەکەی سەر خەڵکی کوردستان و قەوارەکەی، دەرکەوتووە و هەمووان وەك ڕۆژی ڕوناك دەیبینین، تەنیا پارتی نایبینێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button