دیاب ئاغا و نمونەکانی.!

ساڵی 1919 کاتێک ئەتاتورک لە ئەرزەڕۆمەوە دەیەوێت بڕوات بۆ کۆبونەوەیەک لە سیواس؛ لە رێگا دژەکانی بۆسەی بۆ دادەنێنەوە، بەڵام دیاب ئاغا ئەتاتورک لە بۆسەکە ئاگادار دەکاتەوە و لە مردن رزگاری دەکات.

بەڵام دوای پێنج ساڵ ئەتاتورک خەڵکی دێرسیم زیندەبەچاڵ دەکات و تەنانەت بنەماڵە و کەسوکاری دیاب ئاغاش رزگاریان نابێت، دوای ئەوەش ناوی شاری دێرسیم دەگۆرێت بۆ تونجلی.

دوای چەندین ساڵ و سەدان نمونەی زیندوو، بەناو سەرکردایەتی کورد و ئاغا و دەرەبەگ تا ئێستا نەیاتوانیەوە سود لە مێژوو وەربگرن، ھیچ نەبێت بۆ بەژەوەندی خۆیان تا نەبن بە پەندی زەمانە، جگە لەوەی ھەزاران جار ئاگادارکراینەوە بەڵام وەک گوتەنی؛ تەقەی سەریان دێت.

زیاتر لە 20 ساڵە تورکیا رۆژ بە رۆژ خاکی ھەرێمی کوردستان داگیردەکات و دەیکات بە بنکەی سەربازی خۆی، تا ئێستا لەوە تێنەگەیشتوون دوای پێکانی هەموو ئامانجەکانی دەوڵەتی تورک نۆرەی ئەوانیش دێت و قوتیان دەدات. لایان وایە تورکیا فریادرەسیانە و رزگاریان دەکات، ئای چەند بێ ئاگان لە رابردووی دوژمن و مێژووی خوێناوی کورد بەدەست دوژمنە ڕەنگاوڕەنگەکانی، نازانن رۆژێک نۆرەیان دێت و ئەوکات فریای ھیچ ناکەون.

مێژووی دیاب ئاغا، مشتێکە لە خەروارێک، ئیتر تێبگەن؛ تاکەی دەتانەوێ لە ترسی میللەتی خۆتان دەستی دوژمن بگرن و بیکەن بە فریشتەی رۆحکێشانتان؟

ھەر بەراستی کە ئێمەومانان ئاگادارتان دەکەینەوە لاتان وایە ئێمە دوژمنتانین، دوژمنیش دۆستانە؟! ئاخر پیاوی سیاسی ئەگەر ئەکادیمیش نەبێت خۆ دەبێت رەش و سپی لێکجیابکاتەوە.

سەرەڕای ھەموو ئەو شکستانەی خواردوویانە هێشتاش بۆ جارێک ئامادە نین دان بە شکست و نۆشستیاندا بنێن، ھەر ھاتوون دەستە پیس و چەورەکەیان بە میللەت و حزب و لایەنی تر سڕیوەتەوە لە رێگای کۆمەڵێک قەڵەم فرۆشی ئەھلی پارچە ئێسقان و چەند بە ناو کادیرۆکە و ئەندام پەرلەمانۆکە تەخوینتان کردووین.

دڵنیابن، ئەوجارە دۆخەکە بە تەواوی جیاوازە و خۆشیان لەناو بنەماڵەی خۆیان ھەستیان بەو مەترسیە کردووە، کە پاش ھەمووان نۆرەی خۆیان دێت.

ئنجا ھەر کادیرۆکە بنێرنە سەر تیڤیەکان و ئێمەی پێ تەخوین بکەن و خۆشتان وەک ھەمیشە ببنە کەوا سووری بەر لەشکر، کە کاتەکە تەواو بوو بۆ ھەموومان ڕوون دەبێتەوە کێ سەری تێدەنێت و کێ دەمێنێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button