وەزارەتی خوێندنی باڵا پۆستی سەرۆکی زانکۆی کۆیەی ڕاگەیاند

لڤین:
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، پۆستی سەرۆکی زانکۆی کۆیەی ڕاگەیاند و مەرجەکانیشی بۆ ئارەزوو مەندانی ئەو پۆستە خستەڕوو.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێنماییەکاندا پۆستی سەرۆکی زانکۆیی کۆیەی ڕاگەیاند، داواشدەکات هەر کەسێک ئارەزوی هەیە و مەرجەکانی تێدایە دەتوانێت لە ماوەی دیاریکراودا (C.V) و داواکارییەکەی پێشکەش بکات، تا ناوی لە لیستی پێشکەشکاراندا تۆمار بکات.
مەرجەکانیش بۆ پۆستی سەرۆکی زانکۆی کۆیە ئەمانەن:
- هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بێت .
- نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر کەمتر نەبێت.
- خزمەتی لە (10) ساڵ کەمتر نەبێت.
وەزارەتەکە داواشدەکات “ئەو کەسەی کە داواکاری پێشکەش دەکات دید و بۆچون و بەرنامەی کاری خۆی پێشکەش بکات بۆ بەرەوپێشبردنی زانکۆکەی بۆ ئەو چوار ساڵەی کە لەپۆستەکەی بەردەوام دەبێت”
هەروەها “زانینی زمانی ئینگلیزی و شارەزایی لە بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیای بواری خوێندن و فێرکردن کارایی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستی هەلی زیاتر بۆ پێشکەشکار دەڕەخسێنیت”، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە “پێویستە پوختەی ڕاژەی لەلایەن بەرپرسی یەکەمی فەرمانگەکەیەوە واژوو کرابێت”
دواین کات بۆ پێشکەشکردنی (C.V) و پوختەی ڕاژە کۆتایی دەوامی ڕێکەوتی (٢٠/٦/٢٠٢١) ڕۆژی (یەک شەممە) دەبێت .
ئارەزوومەندان دەتوانی (C.V) و پوختەی ڕاژەی ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی پۆستەکان لە دیوانی وەزارەت لە ڕێگەی ئەم ئیمیلە ([email protected]) بنێرێت .