هێرش سەید سەلیم: لە سلێمانیدا 39 هەزار و 294 کەس خۆی کوتاوە

لڤین:

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، رایگەیاند 102 هەزار ژەمی ڤاکسینمان وەرگرتووە، تا ئێستا 39 هەزار و 294 کەس خۆی کوتاوە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەشڵێت خواست لەسەر ڤاکسینی فایزەر زۆرترە.

هێرش سەید سەلیمبە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: پرۆسەی پێدانی ڤاکسین پرۆسەیەکی خاوبووە و هۆکارەکەشی ئەوە بووە لە سەرەتاوە ئەو بڕە ڤاکسینەی کە بەدەستمان دەگەیشت هەفتانە بوو یاخود لەو هەفتانەیەش کە دەهات بڕێکی زۆر کەم بوو دەتوانم بڵێم نەدەگەیشتە سێ هەزار ڤاکسین لەبەر ئەوە ئێمە هەر فریا دەکەوتین کە کارمەند و ستافی پزیشکی وەری بگرێت.

ئەوەشی وت” تا ئێستا 39 هەزار و 294 کەس خۆی کوتاوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، ڕاستە هێشتا پرۆسەکە بە دڵی ئێمە نییە بەڵام هێشتا ڕێژەی ڤاکسین ئەو ڕێژە زۆرە نییە کە لەبەردەستدایە، بۆنموونە ئێمە هەتا ئێستا بڕی ڤاکسین کە هاتووە لە سنوری سلێمانیدا 102 هەزار ژەمی ڤاکسینمان وەرگرتووە، 40 هەزارمان بەکارهێناوە پرۆسەکەش وایە ئەگەر ژەمی یەکەم دەدرێت دەبێت چاوەڕێی سێ هەفتە بکرێت بۆ ئەوەی ژەمی دووەمیش بدرێت، واتە دەبێت بەشی هەردووکیان بکات بۆیە هەتا ئێستا ڕێژەی کوتان 40% . ئێمە بۆ لەمەودوا بەنیازین زۆربەی سەنتەرەکان جارێکی تر بخەینەوە ئیش بۆ ئەوەی ڕێژەی پێدانی ڤاکسین زیاتر بکات و بەو شێوە خاویە نەبێت.”

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاشکرایکرد: هاوڵاتیان بەدەم هەموو ڤاکسینەکانەوە ناچن، داواکاری زۆر لەسەر فایزەرە بەداخەوە بۆ ئەو تێگەیشتنە خراپەی خەڵک هەیەتی لەسەر جۆرەکانی ڤاکسین ئەمەش وایکردووە خەڵک ناچێت بەدەم ئەسترازینیکا و سینۆفارم و ئەوانی ترەوە لەبەر ئەوە هۆکارەکە بە تەنها ئێمە نیین ئەوەی دەمی بکاتەوە دەڵێت من فایزەرم دەوێت فایزەریش بەو شێوە زۆرە نییە کە بەدەستی ئێمە بگات و بیدەین بە هەموو خەڵکی.

ئاماژەی بەوەکردووە کە خۆی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی وەرگرتووە و دەشڵێت: ئەم هەفتەیە بڕێکی زۆر باشمان ڤاکسین بەدەست گەیشتووە بەنیازین لە هەفتەی داهاتووەوە زۆربەی بنکەکانمان پڕبکەینەوە لە ڤاکسین بۆ ئەوەی هاوڵاتیان زۆر چاوەڕێ نەکەن.

هێرش سەید سەلیم ڕایگەیاند  “هەتا ئێستا زۆرترین ڤاکسین ئەسترازینیکایە کە بەدەستمان گەیشتووە 46 هەزار و 250 ڤاکسینمان بەدەست گەیشتووە، لە دوای ئەو بە پلەی دوو سینۆفارمی چینی 35 هەزار و 220 ڤاکسینە، بەدوای ئەویشدا فایزەر 21 هەزار و 60 ڤاکسینمان بەدەست گەیشتووە واتە کۆی گشتی 102 هەزار و 530 ڤاکسین گەیشتۆتە سنوری پارێزگای سلێمانی لە کۆی ئەمەدا339 هەزار و 294 ی بەکارهاتووە، ژەمی یەکەم 29 هەزار بەکارهاتووە، ژەمی دووەم هەتا ئێستا 9 هەزار و 850 ڤاکسین بەکارهاتووە دەبێت بگاتە ئاستی ژەمی یەکەم واتە 60 هەزاری لەو 102 هەزارە هەردەبێت بە ژەمی یەکەم و دووەم، دەمێنێتەوە 42 هەزارەکەی کە ئەوەش وردە وردە دێتەوە سەری و زیاد دەکات هیوادارم هەتا کۆتایی ساڵ بگەینە نزیکەی ملیۆنێک.”

ئەو لەبارەی نەخۆشی کەڕووی رەش وتی: یەک حاڵەت بوونی هەبوو، یەکێکە لە حاڵەتە دەگمەنەکانی کەڕوو کە لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵدا جارێک ڕوودەدات، پەیوەندیدار نییە بە کۆرۆناوە بەڵام ئەوانەی کە کۆرۆنا دەگرن بۆیان هەیە بەهۆی دابەزینی بەرگری لەشیان و بەکارهێنانی دەرمانی ستیرۆید تووش ببن پەیوەندیدارە بە زۆربەی نەخۆشیە ڤایڕسیەکان یاخود زۆربەی ئەو نەحۆشیانەی کە بەرگری لەش تێدا دادەبەزێت، بەڵام ئەمە لە 100 هەزاردا یەک کەس تووشی ئەم حاڵەتە دەبێت لەو بەرگری لاوازانە.

ئەو روونیشی دەکاتەوە: لە سنوری پارێزگای سلێمانی پار حاڵەتێکمان هەبووە ئەمساڵیش ئەو هاوڵاتیە عەرەبە بوو کە ماوەیەکی کاتی هاتبوو لێرە نیشتەجێ بوو بەڵام هیچ حاڵەتێکی تر بەدی نەکراوە، کەڕووی ڕەش مەترسیدارە مەترسیەکەی لەوەدایە گیان لەدەستدانی دەگاتە 50% ، بۆیە بۆ ئەو کەسە مەترسیدارە کە تووشدەبێت ئەگەرنا خودی نەخۆشیەکە ئەوەندە مەترسیدار نییە و هێندەش پەیوەندیدار نییە بە زۆربەی نەخۆشیەکانەوە و دەگمەنیشە لەبەر ئەوە پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button