تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی:

پارتی بەناوی خەڵاتكردنەوەی كۆبونەوەی حزبی بە تەندروستكاران كردووە

لڤین:

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی، ئەمڕۆ ( چوار شەممە، ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) لە ڕاگەیەندراوێکدا، پرۆسەیەکی مەترسیداری پارتی لە دەزگا تەندروستیەکان ئاشکرا دەکات و ڕایگەیاندووە،” پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی داوەتە پرۆسەیەکی زۆر مەترسیداری بەحیزبیکردنی دەزگا تەندروستیەکان”.

لەهەروەها هاتووە،” پێویستە پارتی لە ڕێی حکومەتەوە لە باتی خەڵاتی ژمارەیەکی کەمی تەندروستکاران، با موچە و دەڕماڵەی تەندروستکاران دابینکات”.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی داوەتە پرۆسەیەکی زۆر مەترسیداری بەحیزبیکردنی دەزگا تەندروستیەکان.

لە تازەترین هەنگاودا، ئەو حیزبە ژمارەیەک تەندروستکاری لە هەولێر کۆکردوەتەوە و بەناوی خەڵاتەوە کۆبونەوەی حیزبی پێکردون.

پارتی لە بەرزترین ئاستدا دەستی دواەتە ئەو ڕەفتارە حیزبیە شەرمهێنەرانە. لە رۆژی ٢٠٢١/٦/٨ بە ئامادەبونی کاکەمین نەجار و ئەحمەد کانی و ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی کۆبونەوەیەکی بە ژمارەیەک تەندروستکار کردوە.

ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارە حیزبیانە دەکەین لە لایەن پارتیەوە.

پارتی ئەگەر بەڕاستی لە خەمی سیستمی تەندروستیە با دەست هەڵگرێ لە بەحیزبیکردنی دەزگا تەندروستیەکان.

پێویستە پارتی لە ڕێی حکومەتەوە لە باتی خەڵاتی ژمارەیەکی کەمی تەندروستکاران، با موچە و دەڕماڵەی تەندروستکاران دابینکات.

پارتی ئەگەر ڕاستگۆیە با ڕێگە لە کادیرە حیزبیە باڵاکانی بگرێ لە بازرگانیکردن بە تەندروستی خەڵک و قاچاخی دەرمانەوە.

پارتی ئەگەر لە خەمی تەندروستی خەڵکە با ئەو نەخۆشخانە زەوتکراوانە بگەڕێنێتەوە کە بەرپرسەکانی ئەو حیزبە داگیریانکردوە وەکو نەخۆشخانەی منداڵانی کوردستان (سانتیلایڤ).

ئێمە لە پاڵ سەرکۆنەی پارتی، ڕەخنە لە حیزبەکانی دیکەش دەگرین. حیزبەکانی دیکەی ڕەکابەری پارتی پێویستە هەڵوێستی توند و کاریگەریان هەبێ لە بارەی ئەم ڕەفتارانەی پارتی.

هاوکات، ڕەخنەش لە وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێریش دەگرین.

وەزیری تەندروستی بەتایبەتی، بۆ خۆی کادیرێکی حیزبی عەیارە ٢٤ە و ئەوە کە دەرگای دەزگا تەندروستیەکانی خستوەتە سەرپشت بۆ پارتی. ئەم ڕەفتارانەی وەزیری تەندروستی دەریخست کە ئەو وەزیری تەندروستی خەڵکی کوردستان نیە بەڵکو وەزیرێکی حیزبیە کە ئەوەندەی لە خەمی بەرژەوەندییەکانی حیزبەکەیەتی هێندە لە خەمی تەندروستی خەڵکی کوردستان نیە.

٢٠٢١/٦/٩

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button