قوباد تاڵەبانی:

ژمارەی بێهاوتای کەسی بۆ گشت مووچەخۆرانی هەرێم دروستدەکرێت

لڤین:

نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمى كوردستان،لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ ( چوارشەممە، ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١ )  ئاماژەی بەوە کردووە،” قوباد تاڵەبانی لە‌گە‌ڵ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و لایە‌نە‌كانی پە‌یوە‌ست بە‌ سیستە‌می بایۆمە‌تری كۆبووەوە و تیایدا لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی موچە و میلاکات و ڕێکخستنەوەی پەیكەری حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری چەند بڕیارێک دران”.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاندووە،” هەنگاوی باشمان بڕیوە بەرەو دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی حکومەتی هەرێم لەڕێی بانکەوە پشت بەست بە سیستەمی بایۆمەتری”.

ئاماژەیش بەوە دراوە کە،” جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، دەستپێکردنی دروستکردن و دابەشکردنی ( ژمارەی بێهاوتای کەسی ) ڕاگەیاند کە بریتییە لە ژمارەیەکی تایبەت بە هەر موچەخۆرێک و هاوکار دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە موچەخۆران کە یەکێکیان کردنەوەی هەژماری بانکییە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشکردنی موچە بە ئەلیکترۆنی بکرێت”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” جەختیشکرایەوە کە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای داتاکانی بایۆمەتری بێت وەک ئەوەی لە یاسای چاکسازییدا هاتووە”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button