لە سلێمانی سکچوون و ڕشانەوە زیادیانکردووە و هۆشداری لە کۆلێراش دەدرێت

لڤین:

بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئاشکرایکرد، ژمارەی توشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە سێ هێندە زیادیکردووە و ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت کۆلێرا بڵاودەبێتەوە. 

د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حاڵەتەکانی توشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە بەراورد بە ڕابردوو سێ هێندە زیادیکردووە بۆیە ئەگەر کۆنتڕۆڵ نەکرێت مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆلێرای لێدەکرێت.

وتیشی: زۆرترین حاڵەتەکانی توشبوون بە سکچوون و ڕشانەوە لە ناوچەکانی دەرەوەی سەنتەری پارێزگای سلێمانی تۆمارکراون، ئەوەشی وت کە “داوامان لە رێکخراوە تەندروستی و جیهانییەکان کردووە هاوکارمان لە پاراستنی هاوڵاتیان”.

ڕوونیشیکردەوە کە “یەکێک لە هۆکارەکان پەیوەندی بە وشکەساڵی و پەنابردنی خەڵک هەیە بۆ خورادنەوەی ئاوی بیر و ئەوەی نەشیاوە بۆ خواردن”.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داواشی لە هاوڵاتیان کرد خۆیان بەدور بگرن لە بەکارهێنانی ئاوی نەشیاو بۆ خواردنەوە، بەتایبەتی ئاوی بیر و سەرچاوە سروشتییەکان.

ئەوەشی وت کە لەچەند رۆژی داهاتوودا ڕێژەی کلۆر بۆ ئاوی خواردنەوەی هاوڵاتییان بەرزدەکەنەوە، کە رێژەیەکی ڕێگەپێدراوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button