ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو:

تەرمی کچێک کە بە دەستی دەسگیرانەکەی سووتێندرابوو دۆزرایەوە

لڤین:

ئەمڕۆ ڕۆژی سێشەممە ،  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند ، “تەرمی کچێکی لاوی خەڵکی سەقز بە ناوی “ گوڵاڵە (نگین) شێخی” تەمەن ٢٦ ساڵ لە جاددەی سەقز بۆ سنە و لە شوێنێک بە ناوی ”چاپانی خواروو” لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی دۆزرایەوە” .

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، گوڵاڵە شێخی یاسای خوێندووە و دوو  هەفتە پیش لەگەڵ دەسگیرانەکەی بە ناوی کەیومەرس زەرغامی کە کوڕەخاڵی خۆشی بووە چوون بۆ سەفەر. لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەزگیرانی نگین تەلەفۆنی بۆ بنەماڵەکەی خۆی کردووە و وتوویە کە نگینم کوشتووە و خۆشی هەڵاتبوو .

ئەو ڕێکخراوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ناوبراو هەروەها بە بنەماڵەکەی وتبوو کە تەرمی نگینم لە جاددەی سنە بۆ سەقز شاردووەتەوە و ئەوە چەند ڕۆژ بوو خەڵک و ناوەندە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵدا بوون بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی کە دواجار ئەمڕۆ و دوای دەستگیر کردنی بکوژ لە ئاستارا، تەرمەکەی لە کاتێکدا بە تەواوەتی سووتابوو، دۆزرایەوە .

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، کە کەیومەرس لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ٤ لیتر بەنزین گوڵاڵەیان ئاگرداوە و دواتر تەرمەکەیان شاردووەتەوە .

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم (  ٥ ژن ) لە شارەکانی سەقز، کرماشان، ئیلام و دەڕەشار بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون کە ٤ کەسیان بە دەستی هاوژین یان دەزگیرانەکانیان کوژراون .

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button