قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی لە سلێمانی کۆبووەوە

لڤین:

لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی رۆژی ( ٦ / ٤ / ٢٠٢١ )  بەپێی فەرمانی ژمارە ( ٣٦٦٢ ) لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە پێکهات و ئامانجی لیژنەکەش بەدواداچوون و دیاریکردنی ئەو ناوچانەی سنووری شارەوانی سلێمانییە کە زیادەڕۆییان کراوەتەسەر لەگەڵ دیاریکردنی کەس و لایەنی بەرپرسیار لە زیادەڕۆییەکان بۆ ئەوەی رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکرێنەوە.

ئەمڕۆ ( سێ شەممە، ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ ئەو لیژنەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی گشتی لە سنووری شارەوانی سلێمانی پێکیهێناوە کۆبووەوە و تاوتوێی دانانی میکانیزمیان کرد بۆ چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆییەکان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە،” کۆبوونەوەکە لە سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری تەواوی خۆی بۆ لیژنەکە دووپات کردەوە و داوای لە ئەندامەكانی كرد هەوڵی تەواو بدەن بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە هەموو ئەو زیادەڕۆییانەی لە سنووری شارەوانی سلێمانی کراوەتەسەر موڵکی گشتی”.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر دانانی میکانیزمێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆییەکان و لێپرسینەوەی یاسایی لە هەموو ئەوانەی زیادەڕۆییان کردووە”.

هەروەها هاتووە،” لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی کرد دیدگای نوێ بخەنەڕوو بۆ پڕۆژەی ستراتیژی لە سلێمانی. ھەروەھا داوایکرد کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و خێراترکردنی خزمەتگوزارییەکان”.

لە کۆتایدا هاتووە،” جێگری سەرۆک وەزیران ئەوەشی ڕاگەیاند، بەم نزیکانە دەسەڵاتەکان شۆڕ دەکرێتەوە بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوبەرایەتییەکان و دەسەڵاتی زیاتریان دەبێت و پێویستە کەڵک لەم دەرفەتە وەربگیرێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە ھاوڵاتیان”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button