مستەفا قەرەسوو:

گەریلا لەدژی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکات با پارتی خۆی تێنەهاوێت

لڤین:

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە بەرنامەى تایبەتی کەناڵی ئاسمانیی مەدیا خەبردا باسی لە هێرشەکانی سوپای تورک و جموجوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە ناوچەکانی گەریلادا کرد.

قەرەسوو لە سەرەتای وتەکانیدا یادی سەما یوجە و زەینەب کناجی (زیلان)ی کردەوە و سەرنجی خستەسەر گۆشەگیریی قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و رایگەیاند، لەم کات و سەردەمەدا گوشاری قورس و سیاسەتی پاکتاوکردن لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەبرێت و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدرێت تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد سەرکوت بکرێت. راشیگەیاند، “گۆشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ بەشێکە لە گوشارەکانی سەر گەلی کورد. بۆ ئەوەى گوشاری زیاتر بخەنە سەر گەلی کورد گۆشەگیری لە دژی رێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبەن. دەبێت لەو چوارچێوەیەدا لە گۆشەگیریی لەسەر رێبەر ئاپۆ تێبگەین”.

مستەفا قەرەسوو رایگەیاند، تاوەکو تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد بەهێز نەکرێت و تاوەکو لە دژی هێرشە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک تێکۆشانی کاریگەرانە ئەنجام نەدرێت، لە دژی گۆشەگیریش ناتوانرێت تێکۆشانێکی راست و دروست بەڕێوەببرێت و وتی، “بۆیە پشتیوانیکردن لە رێبەر ئاپۆ، تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری لە پێش هەموو شتێکەوە تێکۆشانە لە دژی هێرشە پاکتاوکاری و داگیرکەرییەکان. تێکۆشان بۆ پووچکردنەوەی ئەوە هێرشانە و تێکۆشان لە دژی گۆشەگیری لە هەمان کاتدا مسۆگەریی ئازادییە”.

قەرەسوو رایگەیاند، تێکۆشانی گەلی کورد لە دژی گۆشەگیری بەردەوامە و وتی، “لە ناوخۆ و لە دەرەوە و لە هەموو شوێنەکاندا پشتیوانیکردن لە رێبەر ئاپۆ بەردەوامە. دەبێت ئەوە بەردەوامیی پێ بدرێت”.

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەردەوامیی وتەکاندا شیکاریی بۆ هێرشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بۆ سەر ناوچەکانی گەریلا کرد و سەرنجی خستە سەر جوڵە و دیدی هێرشەکان و وتی، “دوو ساڵ لەوە پێش پەدەکە هێزەکانی خۆی رەوانەى زینی وەرتێ کرد. ئێمە لەو کاتەدا رامانگەیاند، هاتنی هێزە سەربازییەکانی پەدەکە بۆ زینی وەرتێ و جموجوڵەکانی پەدەکە لە چوارچێوەی جوڵە و دیدی پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادیی کورددایە. پەیوەندییەکانی ئەمریکا – تورکیا – پەدەکە وەک بەشێک لەو دیدە پاکتاوکارییە لە دژی تێکۆشانی ئازادی بوو بوو بە رۆژەڤی رای گشتی. دوای ئەوەش هێرشکرایە سەر حەفتانین و  دەوڵەتی تورک دەستی بە هەوڵە داگیرکەرییەکانی کرد”.

قەرەسوو باسی ئەوەیکرد، ئەو هەوڵانە بۆ هێرشکردنە سەر گارە بەردەوامیی پێدرا و وتی، “لە دوایشدا هێرشکردنە سەر زاپ، ئاڤاشین و مەتینا و لە چوارچێوەی ئەو جوڵە و دیدەدایە. دەبێت ئەوە بە روونی ببینرێت. دەیانەوێت لە کەسایەتیی گەریلادا بزووتنەوەى ئازادیمان پاکتاو بکەن. بۆ ئەو بابەتە پەدەکەش بەکار دەهێنرێت.

ئێمە دەتوانین بڵێین، لە سوریا ساڵی ١٩٩٩ دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و هەروها بە بەشداریی پەدەکە پیلانگێڕیی نێونەتەوەییان ئەنجامدا. خواستیان بەو پیلانگێڕییە بزووتنەوەى ئازادیمان پاکتاو بکەن، بەڵام ئەوە ٢٠ ساڵ و ٢٢ ساڵە هاوکات لەگەڵ هێرشە قورسەکانیان نەیانتوانی بزووتنەوەى ئازادیمان پاکتاو بکەن. بە پێچەوانەشەوە بزووتنەوەکەمان بەهێزتر بوو. پەکەکە گەورەتر بوو. کاریگەریی سیاسیی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بوو. لەبەر ئەوەش ئەو هێزانەى پیلانگێڕییەکەیان ئەنجامدا وەک پێشتر بەهێز نین، یان لە مانایەکی تردا رێککەوتنی پیلانگێڕی وەک پێشتر زۆر بەرفراوان نییە، بەڵام ئەوان لە ناو خۆیاندا هەندێک کێشەشیان هەبێت، ئامانجی ساڵی ١٩٩٩ و سیاسەتیان ئەوە بوو لە کەسایەتیی رێبەر ئاپۆدا پەکەکە و بزووتنەوەى ئازادیمان پاکتاو بکەن. ئێستا هەوڵ دەدەن پیلانگێڕییەکەیان لە دژی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بەڕێوەببەن و ئەوە جوڵە و دیدەکەیانە.

ئەوە هێرشێکە، کە تورکیا و پەدەکە پێکەوە پلانیان بۆ داناوە. هەر یەکەیان بە رۆڵی خۆی هەڵدەستێت. رۆڵێکیان بە پەدەکە و رۆڵێکیان بە تورکیا داوە. لە پشت ئەوانیش هێزە نێونەتەوەییەکان هەن. لەسەر ئەو بنەمایە هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن. لە چوارچێوەی ئەو پلانەدا پەدەکە هەوڵ دەدات هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا گەمارۆ بدات و خۆی بخاتە نێوان ناوچەکانی گەریلا و ناوچەکانی گەریلا لە یەکتر داببڕێت. ئەوە ناوەرۆک و جەوهەری پلانەکەیە، لەوەدا پەدەکە دەبێت بە سندان و دەوڵەتی تورکیش هێرش دەکات و دەبێتە چەکوش و دەیانەوێت بەو شێوەیە بزووتنەوەی ئازادی پاکتاو بکەن.

ئێستا رۆڵێکی وەهایان لە ئەستۆ گرتووە. لە گارە ناوچەکانی گەریلایان گەمارۆدا. ساڵی پار گەمارۆیەکی لەو شێوەیەیان ئەنجامدا. لە گارەش قەیرانێکی هاوشێوە روویدا. لەوێ شەڕ روویدا، بەڵام سنووردار بوو و دواتر ئارام بوویەوە. ئێستا بە هێرش بۆ سەر مەتینا، زاپ و ئاڤاشین ئەو هێرشەیان بەرفراوانکردووە. ئەو هێرشە ئیدی هێرشێک نییە بۆ سەر سەنگەرێک و بەرەیەک. دەیانەوێت پەکەکە پاکتاو بکەن و لەمپەری بەردەم پاکتاوکردنی کوردان لاببەن. دەیانەوێت بەو جوڵە و دیدە دوا قۆناغی پیلانگێڕییەکەیان بە ئەنجام بگەیەنن. دەیانەوێت بە پاکتاوکردنی پەکەکە ئەو پیلانگێڕییەی لە ساڵی ١٩٩٩ لە سوریا دەستیان پێکرد بە ئاکام بگەیەنن. دەبێت ئەو جوڵە و دیدە بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە و شیکاریی بۆ بکرێت”.

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە رایگەیاند، گەریلا فیداییانە لە دژی ئەو هێرشانە بەرەنگاری و بەرخودان دەکات و وتی، “لە گارە بەرەنگاری و بەرخودانیان کرد، لە حەفتانین بەرەنگاری و بەرخودانیان کرد. دەوڵەتى تورک نەیتوانی بەو هێرشانە ئەنجام بەدەست بهێنێت و بە ئامانجەکەى بگات. مانگ و نیوەکە دەوڵەتى تورک لە هێرشەکانیدا چەقیوە و بە بنبەست گەیشتووە. بەڵێ، دەوڵەتی تورک سەرباری ئەوەى بە هەموو توانا و هێزی خۆیەوە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی گەریلا، بەڵام بە بنبەست گەیشتووە. بەرخودانی گەریلا بەرخودانی فیداییانەیە. دەوڵەتى تورک کەوتوەتە ناو زلکا و زۆنگاوەوە. مانگ و نیوێکە دەوڵەتی تورک جگە لە جێگیربوونی لە هەندێک خاڵ لەسەر سنووردا، نەیتوانیوە بەرەو پێش بڕوات، چونکا گەریلا هەموو رۆژێک گورزی لی دەدات. سەربازانی تورک لەلایەن گەریلاوە گەمارۆ دراون.  هەموو رۆژێک گەریلا گورزیان لێدەدات و لەو دۆخەدان. ئەوە ئاستی بەرخودانی مانگ و نیوێکە. گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا لەلایەن پەدەکەوە بە مانای ئەوەیە، کە پەدەکە بە هانای دەوڵەتی تورکەوە دەڕوات. لە کەش و دۆخێکدا، کە دەوڵەتی تورک بەرەو تێکشکاندن و رووخان دەڕوات و هێرشەکانی پووچ دەکرێنەوە و هەموو رۆژێک گورزی لێدەدرێت، پەدەکە هەوڵ دەدات دەوڵەتی تورک رزگار بکات. بەڕاستیش ئەوە دۆخێکی  جدییە. ئەوە دۆخێک نییە، کە قبوڵ بکرێت”.

موستەفا قەرەسوو رایگەیاند، مانگ و نیوێکە شەڕ زۆر قورس بووە و وتیشی، “دەوڵەتی تورک تەنگاو بووە. ئێستا پەدەکە بە هاتنی بۆ ناوچەکانی گەریلا دەیەوێت ئەو تەنگاوییەی دەوڵەتی تورک لاببات و کارێک بکات، کە گەریلا بە خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن. بە ئاشکرا هەوڵ دەدەن گەریلا بە هێزە سەربازییەکانی پەدەکەوە سەرقاڵ ببێت و دەوڵەتی تورکیش لەو سەرقاڵکردنە سوود وەربگرێت و ئەنجام بەدەست بهێنێت. ئێمە ئەوە دەبینین. پەدەکە چۆن بەرەو پێش دەڕوات؟ دەوڵەتی تورک بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بچووکە چاودێری و هێرشبەرەکانی بە ناوی (سیها / SÎHA) ناوچەکان چاودێری و دیاری دەکەن و دوای ئەوە دەستدەکەن بە هەماهەنگی و فڕۆکەی جەنگی دێت و دەست بە بۆردومان دەکات. هێزەکانی پەدەکە دەیانەوێت لە سایەی ئەو فڕۆکانەى دەوڵەتی تورکدا پێشڕەوی بکەن. ئەوە روون و ئاشکرایە، چونکە پێشمەرگە بە شێوەی ئاسایی ناتوانێت لە دژی پەکەکە شەڕ بکات، بۆیە هێزە تایبەتەکانیان دەهێنن و لە ژێر سایە و پاراستنی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک دا و لە ژێر پاراستنی سیهاکاندا دەیانەوێت بەرەو پێش بێن. باشە شتی وەها دەبێت؟ ئەوە بە مانای چی دێت؟ ئەوە بە مانای ئەوە دێت، کە پەدەکە شانبەشانی تورکیا و راستەوخۆ بەشداری شەڕ بووە. لەلایەکەوە ناتوانێت ئەوە بڵێت، بەڵام ئەوە قبوڵ ناکرێت، بۆیە بەڕاستی دۆخەکە جدییە. بۆ بزووتنەوەى ئازادیمان جدییە.

هێزە سەربازییەکانی پەدەکە دەورووبەری گەریلا دەگرن و هەوڵی گەمارۆدانی گەریلا دەدەن. لەو گۆڕەپانەدا هەندێک پەدەکەیی گیان  لە دەست دەدەن. لەهێزە سەربازییەکانی پەدەکە، لەو هێزە تایبەتانە هەندێکیان گیانیان لە دەست دەدەن. سەرەتا وتیان، فڕۆکەى سەربازیی تورک لێی داون. لەبەر ئەوەى لەوێ گەریلا و پەدەکە لە ناو یەکدان، ئەوە رێی تێدەچێت، کە تورکیا بۆردومانی ئەوانیشی کردبێت و ئەگەری ئەوە هەیە شتێکی وەها روویدابێت. ئێمە هێشتا بە باشی نازانین ناوەرۆکی راستی ئەو رووداوە چۆنە، بەڵام خۆیان هەوڵیانداوە ناوچەکانی گەریلا گەمارۆ بدەن، هەوڵیانداوە بڕۆنە ناو کامپەکانی گەریلا و ئەوەش راستەوخۆ بە مانای شەڕە. گەریلا لەو کاتەدا چی بکات؟ باشە ئەو کامپانە رادەست بکات؟ ئەوەی پەدەکە دەیکات بەمجۆرەیە، دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەریلا لەو ناوچانە دەربکات و پاکتاویان بکات. پەدەکەش دەڵێت، با گەریلا لەو ناوچانە بڕوات و من بێمە شوێنەکانیان. باشە شتی وەها دەبێت؟ ئەوەى دەوڵەتی تورک دەیکات بەو شێوەیەیە و پەدەکەش بەمشێوەیە دەیکات. گەریلا لە بەرامبەر ئەوانەدا چی بکات؟. دەست لەو شوێنانە هەڵگرن و خۆیان رادەست بکەن؟ بێگومان گەریلا لە هەر ناوچەیەکدا بێت لەو ناچەیەدا لە دژی دەوڵەتی تورک بەرەنگاری و بەرخودان دەکات”.

مستەفا قەرەسوو رایگەیاند، ئەو ناوچانەى ئێستا دەوڵەتی تورک هێرشیان دەکاتە سەر ستراتیژترین ناوچەکانی باشووری کوردستانن و ئەوەشی وت، “ئەوە دەتوانێت سبەی ببێتە هۆکاری داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی باشووری کوردستان. ئەو هێرشانەش بۆ ئەوە ئەنجام دەدرێن. لە کاتێکدا دەوڵەتی تورک بە بەرفراوانی هێرش ئەنجام دەدات، ئەو قسە و نزیکایەتییانە، کە دەوڵەتی تورک و پەکەکە وەک یەک دەبینن و دەڵێن، ‘با هەر دوکیان لێرە بڕۆن’ ئەو قسەیە بە شێوەیەکی ئاشکرا بە مانای ئەوەیە، کە دەیانەوێت خۆبەدەستەوەدان و خۆرادەستکردن بەسەر گەریلادا بسەپێنن.

هێرشکارەکە وەک رۆژی نێوەڕۆ دیارە. گەریلا لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا چی بکات؟ خۆی رادەست بکات؟ باشە چی دەبێت ئەگەر حیزبێکی کوردی بەو شێوەیە رەفتار بکات؟ ئەوەى گوندەکان دەسوتنێت و چۆڵیان دەکات، دەوڵەتی تورکە. هەر چۆن پێشتر سەدام ئەو کارەی دەکرد ئێستاش دەوڵەتی تورک ئەو کارە دەکات. لە دژی ئەو داگیرکەرییەی تورکیا ئەو قسەیەی، کە دەبوایە بکرێت نەکراوە. بە پێچەوانەوە قسە بۆ ئەوە دەکرێت و هەوڵ بۆ ئەوە دەدرێت، کە رەوایی بە هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بدەن. ئەوەى کە دەڵێن، ‘با پەکەکە لێرە بڕوات، پەکەکە وایە و ئەوەیە’ رەوایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەدەن، ئەستەمە ئەوە قبوڵ بکرێت. گەلی کوردیش ئەوە قبوڵ ناکات. مێژووش ئەوە قبوڵ ناکات. لەو بابەتەدا و لە ناو رای گشتیی کورد دا هەموو کەس راستییەکە دەزانێت و دەبینێت. ئەوە تەنها لە شوێنێکدا نییە بۆ گەمارۆدان و پاکتاوکردنی گەریلا، گەرچی ئەوە دەکەن، بەڵام ئامانجیان ئەوەیە بە گشتی پەکەکە پاکتاو بکەن، دەیانەوێت لە کەسایەتیی پەکەکەدا بزووتنەوەى ئازادیی کورد پاکتاو بکەن و رێگا بۆ سیاسەتی پاکتاوکردنی تورک خۆش بکەن. لەبەر ئەوەش ئەو رەفتار و نزیکایەتییەی پەدەکە خزمەت بە سیاسەتی دەوڵەتى تورک و پاکتاوکردنی کوردان دەکات”.

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە سەرنجی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کامپی پەنابەرانی مەخمور  لە یەک کاتدا و وتی، “بێگومان ئەوە رێککەوت نییە. هەر چۆن پەدەکە بە گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا دەیەوێت دەستی دەوڵەتى تورک سوک بکات و ئاسانکاریی بۆ بکات، دەوڵەتى تورکیش هەر لەو کاتەدا، کە هێزی سەربازیی پەدەکە گەمارۆی  ناوچەکانی گەریلا دەدات، بە هێرشکردنە سەر مەخمور بە شێوەیەکی ئاشکر پشتیوانی لە سیاسەتەکانی پەدەکە دەکات”.

قەرەسوو لەبارەی گەمارۆدان و سەپاندنی سزای ٢ ساڵە بەسەر کامپی مەخموردا وتی، “بێگومان ئەگەر پەدەکە هەستێت مەخمور گەمار بدات، ئەوە بە مانای ئەوەیە، کە خەڵکی مەخمور بە تاوانبار دەزانێت. ئەوەی رەوایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر مەخمور دەدات، هەر پەدەکەیە. هەر چۆن رەوایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەدات، هەر چۆن رەوایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوا دەدات، بە سەپاندنی گەمارۆی ٢ ساڵە بەسەر مەخموردا رەوایی بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر مەخمور دەدات”.

مستەفا قەرەسوو سەرنجی خستەسەر بەرخودانی خەڵکی مەخمور و وتی، “بێگومان لە مەخموریش لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەرخودان و بەرەنگاری دەکرێت. دەمەوێت بڵێم، با گەل یەکێتیی خۆی بپارێزێت، با یەکگرتوو بن، با بەرخودانی دیموکراتیکی خۆیان، بەرخودان لە دژی ئەو هێرشانە نیشان بدەن. تێکۆشانێک نییە لەوە مافدارانەتر بێت. ئەو هێرشانە ناهەقین. دەوڵەتی تورک هیچ پاساوێکی بۆ ئەنجامدانی ئەو هێرشانە نییە. هەر چۆن داعش هێرشی کرد تورکیاش بە هەمان شێوە هێرش دەکات. بۆ هێرش دەکاتە سەر ئەوێ؟ لەبەر ئەوە ئەو بە پێی خواستی خۆی کامپی پەنابەرانی سیاسی بە دوژمن دەزانێت، بۆیە هێرشی دەکاتە سەری.  مەخمورییەکان بەرەنگارییان کرد. کاتێک مەخمور لە دژی داعش بەرەنگاری و بەرخودانی کرد تۆ بۆ ئەوان لە چەپەڵە دەدەیت و دەڵێیت، مافداران، بەڵام کاتێک لە دژی دەوڵەتی تورک بەرەنگاری دەکات تۆ دەڵێیت، با مەخمور خۆی رادەست بکات. دەبێت هەموو کوردێک خاوەنداری و پشتیوانی لە مەخمور بکات. خەڵکی مەخمور شکۆی گەلی کوردە.

بۆیە دەبێت گەلەکەمان و وڵاتپارێزانی کورد پشتیوانی لە خەڵکی مەخمور بکەن. لەو بابەتەدا دەبێت سیاسەتەکانی پەدەکە ریسوا بکرێن. دەبێت عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوە نێونەتەوەییەکان  لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدەن. مەخمورییەکانیش لێدوان و راگەیاندراویان بڵاوکردەوە. ئێمە پشتیوانی لە هەڵوێستی خەڵکی مەخمور دەکەین. تاوەکو رۆژی ئەمڕۆ بەرەنگاری و بەرخودانیان کردووە و شکۆی خۆیان پاراستووە. جوانترین شتیش پاراستنی شکۆی خۆتە. خەڵکی مەخمور خەڵکێکی شکۆمەندن و جێگای شانازی و سەربەرزین. ژیانی باو و ئاساییان قبوڵ نەکرد. باجیان دا و قوربانییان دا و چوونە ناو مێژووی کوردستان. دەبێت ئەو هەڵوێست و شکۆمەندییە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکدا پارێزگاریی لێ بکرێت”.

بۆ ئەو پاساوەی پەدەکە، کە دەڵێت، ‘لەبەر ئەوەی گەریلا لێرەیە دەوڵەتی تورک هێرش دەکات’ مستەفا قەرەسوو وتی، “با پەدەکە دەست لەو هەڵوێستەى هەڵگرێت. با هێزە سەربازییەکانی خۆی بکشێنێتەوە. لە کاتێکدا، کە ئێمە شەڕ دژی دەوڵەتی تورک دەکەین با خۆی تێنەهاوێت. ئێمە دەمانەوێت ئەو راستییە بە بیری هەموو هێزە سیاسییەکاندا بهێنینەوە”.

لە بابەتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورک لە دژی گەریلا، مستەفا قەرەسوو وتی، “بۆ گەلی باشووری کوردستان یەکێک لە رۆژەڤە سەرەکییەکان و هۆشمەندیی مێژووییان، بەکارهێنانی چەکی کیمیاییە لە هەڵەبجە. بەراستی لەو بابەتەدا لە باشووری کوردستان گەلی کورد هەستیارییەکی هەیە. ئێستا چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا بەکار دەهێنرێت. گەریلا بە چەکی کیمیایی دەکوژرێت. بە چەکی کیمیایی ژەهر بەردەدەنە ناو سروشتەکەمان. بڕینی دارەکان بە چ مانایەکە؟ دوای هەر بۆردوانێک ئاگرکەوتنەوە روودەدات، دارستانەکان بە بەرفراوانی دەسوتێنرێن. لە باشووری کوردستان بەهۆی هێرشە دەیان ساڵانەکانی دەوڵەتی تورکەوە دارستانەکان لە ناو دەچن. وڵاتپارێزی هاوکات خوشەویستنی سروشت، دارستانەکان، دارەکان، ئاو و هەوایە، چونکە ژیان لە ناو ئەو سروشتەدا دەئافرێت. بەبێ سروشت مرۆڤ دەتوانێت بژی؟ ئێستا لەو بابەتەدا لە باشووری کوردستان خەمساردی و بێباکییەک هەیە. ئەو هەموو بۆردومانە دەکرێت، دارەکان دەسوتێنرێن، ئاوەکان ژەهراوی دەکرێن، چەکی کیمیایی بەکار دەهێنرێت، بەڵام کەس لە دژی راناپەڕێت.

لە باشووری کوردستان ژنێک دەیوت، ‘بڕینەوەى دارێک کوشتنی کوردێکە’ راستە دەبێت مرۆڤ بەو تێگەیشتنەوە بجوڵێتەوە. بە تایبەتی لە سەدەی ٢١دا هۆشمەندیی ئیکۆلۆژی (ژینگەپارێزی) زۆر گرنگە. هۆشمەندیی داکۆکیکردن و پاراستنی سروشت زۆر گرنگە. ئەوە لە جیهاندا رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو پێش دەڕوات. لە کەشێکی وەهادا باشە بۆ خاوەنداری لە سروشتی کوردستان ناکرێت؟ لە هەموو شوێنێکی جیهاندا مرۆڤ خاوەنداری لە سروشتی خۆی دەکات، باشە کورد ئەو سروشتەى خۆی نابینێت و حسابی بۆ ناکات؟. دەوڵەتی تورک هەموو رۆژێک لە ریکلامەکانی تەلەفزیۆندا دەڵێت، ‘ئێمە دارستانەکانی خۆمان دەپارێزین، دارستانێک بە مانای وڵاتێکە، دارستان بە مانای وڵاتی گەورەیە’. هەموو رۆژێک ئەو پڕوپاگەندەیە دەکات. لەو بابەتەدا دەیەوێت هەستیارییەک دروست بکات، بەڵام لە باکووری کوردستان و لە باشوروی کوردستان و لە رۆژئاوای کوردستان هێرش دەکاتە سەر سروشت و دارستانەکان. بۆیە دەبێت مرۆڤ لەو بابەتەدا بێدەنگ نەبێت، خۆشەویستی بۆ وڵات و سروشت لای ئێمە بەو شێوەیەیە. بانگەوازمان بۆ سیاسەتمەداران و رۆشنبیران هەیە. لە کاتێکدا، کە بۆمب بەسەر کوردستاندا دەبارێنرێت بێدەنگی قبوڵ ناکرێت. ئەوەش جۆرێکە لە داگیرکەری. داگیرکەری کاریگەرییەکی خراپ لەسەر پێشەڕۆژی گەلی کورد دروست دەکات. لەو بابەتەدا دەبێت هەڵوێست نیشان بدرێت. دەبێت گەلی کورد راپەڕێت و رێگا نەدات سروشتەکەى تاڵان بکرێت”.

 



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button