چۆن بارزانی و نەوەکانی کوردستانیان خستووەتە مەترسییەوە

لڤین:

ئەمڕۆ 7ی حوزەیران چوار ساڵ بەسەر بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لەلایەن مەسعود بارزانی و هاو ئاوازەکانییەوە دەرچوو کە بووە هۆی ئەوەی باشووری کوردستان بخاتە ناو چارەنووسێکی نادیارەوە و تا ئەمڕۆش کاریگەرییە خراپەکانی هێشتا بەردەوامن.

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، تاکە ئامانجی مانەوەی خۆی بوو لە پۆستی سەرۆکی هەرێمدا.

لە ساڵی 2017، لە گەرمەی ململانێی لایەنە سیاسییەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ، بە پلانی مەسروور بارزانی کوڕە گەورەی مەسعود بڕیاری داخستنی دەرگای پەرلەمانی کوردستان درا، دواتر وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەرکران، پێش دەرکردنیان لە ماڵی نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەتی هەرێم کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی نیگەرانی خۆی لەو بڕیارە پێ راگەیاندبوون، ئامانجی ئەو بڕیارە بۆ رێگری کردن بوو لە کۆبوونەوەی پەرلەمان دژی دوور خستنەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم.

مەسعود مستەفا بارزانی بە شێوەیەکی نایاسایی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم مابوویەوە، لە میدیاکانیشەوە زوو زوو بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بە زۆر لەو پۆستە دەهێڵرێتەوە.

دواجار بەهۆی کورتبینی سیاسیی مەسعود بارزانی و کوڕەکانی، ڕۆژی حەوتی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە کۆبوونەوەیەکدا بەبەشداری ژمارەیەک بەرپرسی سیاسیی حیزبە کوردستانییەکان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم درا.

لە ناو هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی، باڵی پرۆ پارتییەکانی یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ هێزە سیاسییە بچووکەکان کە ئەو کات وەک دوکانی سیاسی دەناسران بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون، لە بەرانبەریشدا هەریەکە لە کۆمەڵی دادگەری کە پێشتر ناوی کۆمەڵی ئیسلامی بوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد.

پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، تەواوی زلهێزانی دنیا مەسعود بارزانیان لە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی ئەو بڕیارە ئاگادار کردەوە، ئەمریکا بە فەرمی پێشوەخت ئاماژەی بەوەکردبوو بە هیچ جۆرێک دان بە ئەنجامەکانی ریفراندۆمدا نانێت تانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەشنووسێکی ئامادەکردبوو کە دەستکەوتی یەکجار گرنگ و مێژوویی تێدا بوو.

رێکس تیلەرسن وەزیری ئەو کاتی ئەمریکا نامەیەکی بۆ سەرانی ریفراندۆم رەوانە کرد، لە نامەکەدا تەنیا داوای دواخستنی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم کرابوو، لە بەرانبەردا نەخشە رێگایەک بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و دەستکەوتی مەزن بۆ گەلی کورد خرابوونە ڕوو.

بەڵام مەسعود بارزانی بەهۆی بیرکردنەوە خێڵەکییەکانی ئامادە نەبوو ریفراندۆم دوا بخات، ئەوەش لە پێناو ئەوەی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بەردەوام بێت.

ساڵی 2017 لەگەل تەواوی ئەو قەیرانە یەک لە دوای یەکانەی کە بەسەر هەرێمدا هاتبوون بەڵام چانسی ئەوە دروستبووبوو کە بۆ هەمیشە تەواوی خاکی باشووری کوردستان لە ژێر دەستی حکوومەتی هەرێمدا بمێنێتەوە.

بەڵام ساویلکەیی مەسعود بارزانی و کوڕەکانی خاکی هەرێمی کوردستانی جارێکی تر خستەوە ژێر دەسەڵاتی بەغدا، نەک هەر ئەوە بەڵکو گەورەترین مەترسیش لەسەر تەواوی دەستکەوتەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست کرد.

ئێستا دوای چوار ساڵ لە ریفراندۆمە شوومەکەی مەسعود بارزانی و هاوئاوازەکانی، خەڵکی باشووری کوردستان هێشتا بە دەست دەیان قەیرانی دەستکردی ماڵی مەسعود بارزانییەکانەوە گیرۆدە بوون، لایەنە سیاسییەکان لە ترسی لە دەستچوونی قەوارەی دەستووریی هەرێم بەردەوام چاویان لەوەیە بە هەر نرخێک بێت بەرپرسانی باڵای پارتی بهێننەوە سەر رێگای دروست و هەرێمی کوردستان لە مەترسییە جددییەکان دوور بخەنەوە.

بەڵام وا پێناچێت پەندیان لە ئەزموونی رابردوو وەرگرتبێت، ئێستا باشووری کوردستان خەریکە بە تەواوی لە لایەن تورکەکانەوە داگیر دەکرێت، لە بری دوورخستنەوەی ئاگری شەڕ، سەرقاڵی هەڵگیرساندنی جەنگێکی دیکەی ناوخۆیین لەگەڵ پەکەکە، دەیان سەرکردەی شۆڕشگێڕی پەکەکە بەهۆی دەزگا هەواڵگرییەکانی پارتییەوە لەلایەن تورکەکانەوە تیرۆر کراون.

لە پاڵ ئەوەشدا، هێشتا قەیرانی دارایی بەردەوامە، مەسروور بارزانی کە هاوشێوەی باوکی بیر دەکاتەوە، چالاکوان و رۆژنامەنووسان توندی زیندان دەکات، مووچەی مووچە خۆران دابەش ناکات، پەیوەندی نێوان پارتی و تەواوی هێزە سیاسییەکانی تێکداوە، ئاشتی کۆمەڵایەتی بە تەواوی خستوەتە مەترسییەوە.

بۆیە بە بڕوای شارەزایان گەر مەسعود بارزانی و کوڕەکانی لە ناو پارتیدا بەم دەسەڵاتەی ئێستایان بەردەوام بن، مەسروور بارزانیش لە ناوەندی بڕیاری حکوومەتدا بمێنێتەوە، قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە دەست دەچێت.



Notice: Undefined index: img in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-avatar.php on line 4

Notice: Undefined index: show_social_web in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 6

Notice: Undefined index: show_social_mail in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 7

Notice: Undefined index: show_social_phone in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-socialmedia.php on line 8

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 20

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 21

Notice: Undefined index: type in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-name.php on line 22

Notice: Undefined index: bio in /home/new.lvinpress.com/public_html/wp-content/plugins/molongui-authorship/public/views/parts/html-author-box-bio.php on line 21

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button