یادگار عەلی:

جووڵەکانی پێش ھەڵبژاردن

لڤین: یادگار عەلی

بەبێ ئەوەی دڵنیابن لەمانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراق بۆ مانگی مایۆی (٢٠٢٢) دواناخرێت، ھێز و لایەنەسیاسییەکان دەستیان بەجووڵە بۆ دروستکردنی ھاوپەیمانێتی سیاسی دوای ھەڵبژاردن کردووە.
لەھەنگاوێکی تاڕادەیەکی چاوەڕواننەکراودا، وەفدێکی رەوتی سەدر -گەورەترین کوتلەی لایەنە شیعییەکان-بەسەرۆکایەتی (نەسار روبەیعی) ھاتە ھەولێر و لەگەڵ بەڕێزان: (مەسعود بارزانی)، (نێچیرڤان بارزانی) و (مەسرور بارزانی) پرسی ھەڵبژاردنی پێشوەخت، دوای ھەڵبژاردن و پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیان بۆ پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو تاوتوێکرد.
ڕەوتی سەدر دەیەوێت سەرۆکوەزیرانی داھاتوو ئەگەر لەخۆشیان نەبێت، بەڵام خۆیان دیاریبکەن، پارتیش دەیەوێت پۆستی سەرۆککۆمار مسۆگەر بکات، بەڵام ئەمە بەبێ لێکتێگەیشتن لەگەڵ یەکێتی کارێکی ئاسان نابێت، چونکە پارتی و یەکێتی بۆ ئەو مەسەلەیە نیمچە ڕێککەوتنیان ھەیە و دەبێت لای یەکێتی بێت.
ھەفتەی ڕابردوو (عەمار حەکیم)، وەک دەستپێکێک بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن، ھاتە کەرکووک، رەوتی حەکیم ڕاستە پێگەیان لەکەرکوک ھەیە، بەڵام باری دیمۆگرافی شارەکە زۆر بواری یاری چاوەرواننەکراو نادات، مەگەر بتوانێت لەگەڵ یەکێتی جۆرێک لەرێککەوتن و لێکتێگەیشتن بکات.
(محەمەد حەلبوسی) سەردانی سەڵاحەددینی کرد، لەپارێزگا سوننەنشینەکانیش ململانێ و کێبڕکێی توند ھەیە، حەلبوسی لەئەنبار وەزعی باشە و لەسەڵاحەددینیش بەھۆی دورخستنەوەی (ئەحمەد جبوری) ململانێی نێوان حەلبوسی و (خەمیس خەنجەر) زیاتر بووە، ھەریەکە و دەیەوێت بەبردنەوەی دەنگی یەکەمی سوننەکانی (ئەنبار، سەڵاحەددین، نەینەوا، کەرکوک، دیالە و بەشێک لەبەغداد) ڕۆڵی کارای لەنەخشەی داھاتووی سیاسی عێراق ھەبێت.
ئەم ئێوارەیەش (بافڵ تاڵەبانی) ھاوسەرۆکی یەکێتی چووە بەغداد، گفتوگۆی ھاوپەیمانی دوای ھەڵبژاردن لەگەڵ لایەنە ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پۆستی سەرۆککۆمار و پرسی پارێزگاری کەرکووک دەکات.
– بەشێک لەزانیارییەکان لەڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) وەرگیراون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button