پارتی دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت بگەڕێتەوە بۆ شەنگال
ئاگرکەوتنەوەکەی کەمپی شاریا و پەلەکردن لەجێبەجێکردنی رێککەوتنی شەنگال

لڤین: شیکاری
ئێوارەی رۆژی چواری حوزەیران لەکامپی شاریای نزیک شاری دهۆک روداوێکی ئاگر کەوتنەوە رویدا‌و بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٠٠ خێمەی ئاوارەکان سوتاون و شەش کەسیش لەروداوەکەدا برینداربون و زیانە ماددییەکانی ئەو ڕوداوە بەزیاتر لەسێ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. تا ئێرە ئەو هەواڵەیە دەزگا میدیاییەکان پێیانڕاگەیاندین…
بەڵام ئایا دەکرێت هەروا بەشێوەیەکی سادە لەو ڕوداوە بڕوانین؟
ئایا ئەو ڕوداوە سروشتییە کە خزمەت بەپلانی زوتر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شەنگال دەکات؟ یا روداوێکی دروستکراوە بۆ ئەو ئامانجە؟
بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەردەوام جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەن بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال. بەپێی رێککەوتنی نێوان هەر یەک لەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، دەبێت سەرجەم هێزەکان لەناو سەنتەری شەنگال برۆنە دەرەوەو تەنیا پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق لەناو سەنتەری شەنگالدا هەبێت. بەڵام تا ئێستا ئەو رێککەوتنە نەچوەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئامانجی سەرەکیش بۆ ئەو رێککەوتنە بۆ وەدەرنانی ئەو هێزانەیە کە بەنزیک لەپەکەکە لەقەڵەم دەدرێن و ئێستا کۆنتڕۆڵی شەنگالیان کردووەو وڵاتی تورکیاش هەمان داواکاری هەیەو چەندینجار رەجەب تەیب ئۆردوگان رایگەیاندووە بۆ چونە شەنگال چاوەڕێی هیچ کەس ناکەن و شەوێک دەچنە شەنگال.
بەپێی زانیارییەکانی لڤین لەدواین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ سێ بارزانییەکەی پارتی و دو تاڵەبانییەکەی هاوسەرۆکی یەکێتی، ئاماژەی بەجددیەتی وڵاتی تورکیا کردوە بۆ هاتنیان بۆ شەنگال، بەڵام ئەوەی رێگری کردوە لەکارێکی وەها بونی حەشدی شەعبیە لەو ناوچەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزەکانی نزیک لەپارتی کرێکارانی کوردستان تۆمەتباردەکەن بەوەی رێگە نادات دۆخی شەنگال ئاسایی ببێتەوەو ئاوارەکان بگەڕێنەوە جێگەو رێگەی خۆیان.
دور نییە روداوی سوتانی کامپی شاریا پلانێکی لەپشت بێت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شەنگال کە سودمەندی یەکەم لەجێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە پارتی دیموکراتی کوردستانە. لەیەکەم کاردانەوەی فەڕمیش پارتی دیموکراتی کوردستان لەرێگەی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەپەرلەمانی کوردستان، هۆکاری ئەو روداوەی گەڕاندەوە بۆ جێبەجێ نەکردنی رێککەوتننامەی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی شەنگالەوە.
لێژنەی ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له په‌رله‌مانی کوردستان لەرونکردنەوەکەیاندا دەڵێن “ئەم رووداوە گرنگی و پێویستیی دانوستانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی دووپات دەکاتەوە، کە پێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی بۆ شنگال کراوەو رەوشی ئەو ناوچەیە لەڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە کاری لەسەر بکرێت، تاوەکو هاووڵاتییانمان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەمو رێگەیەک دەگرێتە بەر بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆنتڕۆڵی شەنگال بکات، بەهۆی ئەوەی شەنگال سێگۆشەی بەیەکگەیشتنی (عێراق، سوریا، تورکیا)ەیە. ئەوەی شەنگالی لا هێزە ناوخۆیی و هێزە ئیقلیمییەکان گرنگ کردوە بونی شاخی شەنگالە لەو قەزایە کە هەر یەک لەو هێزانە بۆ ئامانجێکی خۆیان شاخی شەنگال بەگرنگ دەزانن.
شاخى شەنگال له‌رووى سه‌ربازییه‌وه شوێنێکى زۆر گرنگ و ستراتیژییه، ئێستا عێراق، ئێران، تورکیا و هێزه‌کانى ئێزدى نزیک له‌پارتى کرێکارانى کوردستان، هه‌وڵى جدییان بۆ ئەوەیە شاخى شەنگال له ژێر کۆنترۆڵی ئه‌وان بێت.
شاخى شەنگال بۆ عێراق زۆر گرنگه، چونکه تاکه شاخى سه‌خته له‌ژێر ده‌ستى عێراق بێت، که هاوسنووره له‌گه‌ل سوریا و 80 کیلۆمه‌تر نزیکه له‌سنوورى تورکیا.
شاخى شەنگال له 1991 بایه‌خێکى زۆری بۆ رژێمى به‌عس هه‌بوو، چونکه له‌و کاته‌دا سوپاى سه‌دام حسێن 39 موشه‌کى دوور هاوێژی له ناوچه‌ى (چل مێران) واته سه‌ر شاخى شەنگال ئاراسته‌ى ئسرائیل کرد.
چیاى شەنگال به‌تایبه‌ت و شەنگال به‌گشتى، بایه‌خێکى زۆری بۆ ئێران هه‌یه، چونکه رێڕه‌و یان ته‌واوکه‌رى هیلالی شیعییه، له‌باشوورى عێراق به‌ره‌و سوریا‌و لوبنان درێژ ده‌بێتەوە، بۆیه ئێستا ئێران به‌ناردنى هێزى زیاترى حه‌شدى شه‌عبى شیعه بۆ سه‌ر شاخى شەنگال سودمه‌ندترین هێزه له‌شەنگال.
شاخى شەنگال بۆ (په‌که‌که) گرنگه، چونکه په‌که‌که ده‌توانێت له‌دواڕۆژ، بۆ درووستبوونى هه‌ر مه‌ترسییەک له‌سه‌ر ئێزدییه‌کان له‌نزیکترین شاخ که شاخى (بێخێره) له‌قه‌زاى زاخۆ بگاته شاخى شەنگال. به‌ڵام له‌رێگه‌ى په‌که‌که‌دا پێشمه‌رگه‌ى پارتى له‌سحێلا و رووبار‌ى دیجله هه‌ن. کەناڵی بەیەکگەیشتنی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانە کە بۆ پەکەکە رۆژئاوای کوردستان ستراتیژێکی گرنگە.
ئه‌گه‌ر (په‌که‌که) بتوانێت هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حه‌شدى شه‌عبى له‌ده‌شتى نه‌ینه‌وا بکات هه‌ر له (باشیک و به‌هزان) تاوه‌کو ته‌له‌عفه‌رو شەنگال، ئه‌وا (په‌که‌که) ده‌توانێت له‌قه‌زاى شێخان و لالش که نزیکن له‌چیاى گاره بگاته شەنگال و له‌وێ به‌ره‌و رۆژئاواى کوردستان.
سه‌رکرده‌کانى تورکیا زۆر به‌راشکاوى ده‌ڵێن سه‌ربازییه‌کانى ئێمه ده‌چنه شەنگال، به‌هانه‌ى تورکیا بۆ هێرشى سه‌ر شەنگال “له‌ناوبردنى (په‌که‌که) له چیاى شەنگال و نه‌هێشتنى ئه‌و هێزانه‌ی که به هاوکارى( په‌که‌که) دامه‌زرابوون”.
تورکیا ده‌یه‌وێت به درووستکردنى بنکه‌ى سه‌ربازى له‌شه‌نگال وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بۆ گه‌شتن به‌خه‌ونى عوسمانیه‌کان بگات به (ویلایه‌تى مۆسڵ) مانه‌وه‌ى سوپاى تورکیا له‌شەنگال گه‌ره‌نتى زیاتر ده‌دات به تورکیا بۆ کردنه‌وه‌ى دره‌وازه‌ى (ئۆڤاکۆ) که له‌دواڕۆژێکى نزیک ئه‌و پرۆژه‌یه له‌گه‌ل حکومه‌تى عێراق جێبه‌جێ دەکرێت.
مانه‌وه‌ى سوپاى تورکیا ده‌بێته هۆکارێک که تورکیا بتوانێ دیمۆگرافیاى شەنگال بگۆڕێ و به ده‌رکردنى ئێزدییه‌کان، پاشان تورکمانه‌کانى ته‌له‌عفەر لەشه‌نگال نیشته‌جێ بکات و پشتگیری‌یان بکات.
خاڵێکی دیکەی ستراتیجی بۆ تورکیا ئەوەیە کە بەبوونی لەشەنگال هەموو جولەیەکی پەکەکە لەو سنورە، سنوردار دەکات و دابڕانێکی گەورەش لەنێوان رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی پەکەکە لەناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان دروستدەکات.
بەهۆی بوونی ئەو گرنگییە پارتی دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت بگاتەوە شەنگال، هەر روداوێک و سیناریۆیەک پارتی بگەیەنێت بەشەنگال، بەدڵنیاییەوە ئەو هێزە سڵ لەجێبەجێکردنی ناکاتەوە. بەڵام دیار نییە دەرەنجامی سوتانی ئەو کەمپە چ شتێکی بەدیاری کراوی لێ سەوز دەبێت. ئایا دەبێتە بیانویەک بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە؟ یا وەک کارێکی دیکەی ئاسایی ئەمەش تێدەپەڕێت؟ چونکە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە هێندە شتێکی ئاسان نییەو ئەگەر تورکیا بیانوی بونی هێزەکانی نزیک لەپەکەکەی هەبێت لەو ناوچەیە، ئەوا بۆ ئێرانیش ئەو ناوچەیە ستراتیژەو نایەوێت ئەم ناوچانەی لەدەست بچێت.