بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێگەیشت

لڤین:

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمشەو بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاند،” ئێوارەی ئەمڕۆ ( شەممە ٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢١ ) مەسعود بارزانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەڕێز مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێگەیشت”.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” لە پەیوەندییەکەدا سەرۆکی وەزیرانی عێراق، هێرشی ئەمڕۆی چەکدارانی پەکەکەی بۆ سەر هێزی پێشمەرگە شەرمەزار کرد و پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بە  بارزانی گەیاند”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،” هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگیی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان ، لە پێناو پاراستنی سنوورەکان و گەڕاندنەوەی سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانە و ڕێگریکردن لە هەر دەستوەردانێک”.

جیگەی ئاماژە پێدانە ئەو پەیوەندیە تەلەفونیە پاش ئاڵۆزیەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی چیای مەتین لە ئامێدی دێت کە تێیدا ٥ پێشمەرگە شەهید بوون و چەند پێشمەرگەیەکیش بریندار بوون.

میدیاکانی پارتی دیموکرات هیزەکانی پەکەکە لە ناوچەکە بە تاوانباری ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار دەکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button