ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ:

پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ په‌كه‌كه‌ شه‌ڕ و چالاكیه‌كانی خۆی له‌ سنووری هه‌رێمی كوردستان بباته‌ ده‌ره‌وه‌

لڤین:

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان، پەیامێکی لەبارەی ئاڵۆزیەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی چیای مەتینای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندوە،” ئێمه‌ له ‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ، وێڕای ئه‌وه‌ی نیگه‌رانین له‌و رووداوه‌ و شه‌هیدبوون و برینداربوونی ئه‌و ژماره‌ پیشمه‌رگه‌‌یه‌، له هه‌مان كاتدا ئیدانه‌ی ئه‌و هێرش و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه ‌و خاكی هه‌رێمی كوردستان”.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5ی حۆزەیران، دوای ئه‌وه‌ی هێزێكی پێشمه‌رگه‌ به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ناوچه‌كانی ده‌ڤه‌ری ئامێدی ده‌نێردرێنه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزێكی په‌كه‌كه‌وه‌ هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ پێشمه‌رگه‌ شه‌هید و بریندار ده‌بن .

ئێمه‌ له ‌ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ، وێڕای ئه‌وه‌ی نیگه‌رانین له‌و رووداوه‌ و شه‌هیدبوون و برینداربوونی ئه‌و ژماره‌ پیشمه‌رگه‌‌یه‌، له هه‌مان كاتدا ئیدانه‌ی ئه‌و هێرش و كرده‌وانه‌ی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین بۆ سه‌ر پێشمه‌رگه ‌و خاكی هه‌رێمی كوردستان.

لێره‌وه‌ دوپاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ پیویسته‌ هه‌رچی زووه‌ په‌كه‌كه‌ شه‌ڕ و چالاكیه‌كانی خۆی له‌سنووری هه‌رێمی كوردستان بباته‌ ده‌ره‌وه‌ و رێز له‌خاك و سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان بگرێت وچیتر نه‌بێته‌ مایه‌ی بیانوپێدان به‌ راكێشانی وڵاتانی دراوسێ بۆ خاكی هه‌رێمی كوردستان و ئارامی خاك و سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستان تێك نه‌دات و نه‌به‌زێنێت.

مافی خۆیانە خەباتی خۆیان بکەن، بەڵام شوێنی خه‌باتی په‌كه‌كه‌ دیاره‌ و پێویسته‌ سه‌نگه‌ری خه‌بات و چالاكی خۆیان بگوازنه‌وه‌ شوێنی خۆیان و چیتر خاكی هه‌رێمی كوردستان نه‌كه‌نه‌ مه‌یدانی شه‌ڕ و نه‌بنه‌ مایه‌ی چۆڵكردنی گونده‌كان و تێكدانی ژیانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و خه‌ڵك نه‌كه‌نه‌ قوربانی.

له‌كۆتاییدا سه‌ری رێز بۆ شه‌هیده‌كان دا‌ده‌نه‌وێنین و هیوای شیفا و زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین و داواكارین هه‌موولایه‌ك دان به‌خۆیاندا بگرن و دوور له‌شه‌ڕ بارودۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن و ئاشتی و ئارامی بگه‌ڕێننه‌وه‌ ناوچه‌كه‌.

ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان

5 ی حوزەیرانی 2021

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button