میدیای نزیک لە پەکەکە: هێزەکانی عێراق و پارتی هێرشیان کردە سەر کامپەکانی گەریلا

لڤین:

میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاویان کردەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی عێراق و پارتی هێرشیان کردە سەر کامپەکانی گەریلا. بۆ ئەوەى ئەو هێزانە زیاتر بەرەو پێش نەڕۆن، گولـلەی هۆشیار کردنەوە تەقێنرا.

ئاژانسی فوڕاتی نزیک لە پەکەکە بڵآوی کردەوە “بە پێی زانیاریی سەرچاوەکانی گەریلا، هێزەکانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیان بە جموجوڵ بەرەو ناوچەکانی گەریلا کردووە و لەو چوارچێوەیەدا هێرشیان کردووەتە سەر کامپەکانی گەریلا”.

 

ئاژانسەکە راشیگەیاندووە لە کاتژمێرچواری بەرەبەیانی ئەمڕۆەوە جموجوڵی سەربازی بەرەو ناوچەکانی گەریلا لە مەتینا و ئامێدی دەستیپێکردووە و دەشڵێت “هێزەکانی هەپەگە و یەژاستار بۆ ئەوەى ئەو هێزانە زیاتر بەرەو پێش نەڕۆن گولـلەى هۆشیارکردنەوەیان تەقاند.

ئاژانسەکە لە زاری هێزەکانی پاراستنی گەلەوە بڵاویان کردووەتەوە “هەپەگە لەبارەی ئەو جموجوڵە سەربازییەوە هۆشدارییدا و رایگەیاند، داوا لەو هێزانە دەکەین لە پشتەوە خەنجەر لە هێزەکانمان نەدەن. راشیگەیاند، ئێمە لە شەڕ و بەرەنگاریی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرداین، کە دەیەوێت باشووری کوردستان داگیر بکات”.

ئەو هەواڵەش دوای ئەوە هات کە بەیانی ئەمڕۆ میدیای پارتی بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی سوپای تورکیا چوار پێشمەرگە شەهید بوون و پێنج پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button