سێ حزبی چەپ لەبارەی هێرشەکانی تورکیا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

لڤین:
لیژنەی هاوبەشی چەپی كوردستانی کە لە سێ حزبی سیاسى چەپ پێکهاتووە هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی توركیا، شەرمەزار دەكات و داوا دەکات لایەنە سیاسیەکان پێکەوە بەرەنگاری ئەو هێرشانە ببنەوە.
هەریەکە بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی شیوعیی كوردستان، بە ناوی لیژنەی هاوبەشی چەپی کوردستانی، لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەى لەشکرکیشى تورکیا دەکەن دەڵێن تورکیا “بەردەوامە لە داگیركردن و تاڵانكردنی زەوی و تێكدانی سرووشتی كوردستان”.
لیژنە هاوبەشەکەى ئەو سێ حزبە بە توندی ئیدانەی سیاسەتی تورکیا و دەستدرێژییەكانی بۆ سەر كوردستان و ژینگەکەی دەكەن و دەشڵێن”مێژووش ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە جگە لە چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی كورد، بەکارهێنانی هێزی سەربازی و ڕێگاكانی نكۆڵیلێكردن و داگیركردن و گۆڕینی دیمۆگرافیاكەی ناتوانێت ڕاستی دۆزەكەی بگۆڕێت”.
ئەوان داوا لە هەموو هێزو نێوەند و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکەن، پێکەوە بەرەنگاری ئەو سیاسەتە دوژمنكارییە ببنەوە.