ئایا خاکی کوردستان فرۆشراوە؟

لە بەرامبەر هاتنی زیاتر و زیاتری تورکەکان بۆ ناوەوەی خاکی باشور، دەنگۆی فرۆشتنی خاکی کوردستان بە تورکیا لە هەندێک میدیادا، بڕەوەی پێدەدرێت.
ئەگەر پرسیارەکە بە جۆرێکی تر بکەین، ئایا تورکیا خاکی لە باشور کڕیوە؟ ئەم پرسیارە لە ئەمڕۆی تورکیادا، تەواو جێگای پێکەنین و گریانە. ئەم دەنگۆی فرۆشتنە هیچ نیە جگە لە کەمپینی لایەنێکی کوردی دژ بە لایەنێکی تر. بەڵام ئەوەی تیایدا ڕەچاو نەکراوە، ئەوەیە کە چۆن ئەم دەنگۆیە پاکانەیە بۆ تورک و ڕەواییدانە بە کاری داگیرکاریی و وێرانکاری و دروستکردنی ڕوپۆشێکی درۆینەیە بۆ پرۆژە زۆر و ترسناکەکانی تورکیا.
پرسەکە بەم جۆرەیە، کورد و کورد نەیارن، تورکیاش وەک نەیاری هەموان سود لە نەیارێتی کورد وەردەگرێت بۆ سەپاندنی ئەجیندای خۆی. ئەوەی جێگای دڵتەنگییە، ئەوە تەنها نوخبەی سیاسی کوردی نیە کە بچوک و ملکەچ و پڕ لە کینەن بەرامبەر یەکتر بەڵکو زۆینەی خەڵكیش بە هەمانشێوەیە.
بۆچی تورکیا خاکی کوردستانی نەکڕیوە؟
کڕینی خاک چەند سەدەیەک لەمەوپێش دیاردەیەکی باو بوو. ئەمریکا ئەلاسکای لە ڕوسیا کڕیوە، بۆ نمونە. بەڵام سەردەمانێکی زۆرە ئەم دیاردەیە بونی نەماوە. ئێستا بەکرێدانی خاک هەیە، لە زۆر شوێنی دونیادا، سعودیە و ئیمارات لە سودان بۆ نمونە.
بەڵام تورکیا لە پرۆسەی کڕیندانیە، نە لە باشور، نە لە عەفرین، نە لە لیبیا، نە لە دەریای ناوەڕاست. تورکیا داگیرکارە، نەک بازرگان و کڕیار. پێدانی سیفەتی کڕیار بە تورک، پۆشینی نیەتی داگیرکارییانە.
ئەوەی پارتی و پەکەکە دەبێت بیزانن ئەوەیە کە تورکیا بە یەک چاو سەیریان دەکات. هەردوکیان لە هاوکێشەکەدا ئەو ڕۆڵانە دەبینن کە تورکیا دەیەوێت. تورکیا نەیارێتی دەوێت، ئەوان نەیارن، تورکیا پەرتبونی دەوێت ئەوان پەرتن، تورکیا ئاسانکاری دەوێت ئەوان ئاسانکاری دەکەن.
بەڵام ئامانجی تورکیا لە کورد و کوردستان فراوانترە. تورکیا دەیەوێت قوڵایی ستراتیژی کوردستان داگیربکات، کوردی باشور بخاتە ژێر هەژەمونی خۆیەوە بۆ مامەڵە ئیقلیمییەکانی. دەیەوێت زیاتر و زیاتر بێتە ناو عێراقەوە، چونکە لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکادا زیاتر پێگەی خۆی قایم بکات و ڕکەبەری ئێران بکات.
هەموو ئەمانە لەو پاشخانەوە دێت کە دونیا دەگۆڕێت و جارێکی تر دەرفەت بۆ ئەوانە دەڕەخسێت کە هێزیان هەیە بۆ ئەوەی خاکی ئەوانی تر بەرن.
تورکیا خۆی نیەتەکانی ناشارێتەوە، بەڵام کورد پاکانەی بۆ دەکات.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button