دانیمارك؛ یاسایەکی دژەپەنابەری “توند” دەردەکات

لڤین: وەرگیراوە لە فەیسبووکی هەڵگورد سەمەد
دوێنێ پەرلەمانی دانیمارك یاسایەکی دەربارەی مافی پەنابەریی لەو وڵاتە پەسەند کرد.
بەگوێرەی یاساکە هەر داواکارێکی پەنابەریی بچێتە دانیمارك، دوای تۆمارکردنی داواکەی دەنێردرێ بو وڵاتی سێیەم و لەوێ لە کەمپێکی تایبەتدا دەهێڵرێتەوە تا دۆسیەی پەنابەرییەکەی لەلایەن حکومەتی دانیمارکەوە یەکلایی دەکرێتەوە. ئەگەر داواکەی قبوڵ بکرێت دەبرێتە دانیمارك، ئەگەریش ڕەت بکرێتەوە داوای لێ دەکرێ بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی.
یاسای لەو جۆرە لە ئەوروپادا بێ پێشینەیە و لە هیچ وڵاتێکی دیکەی ئەوروپادا نییە. حکومەتی سۆشیەڵ-دیمواکراتی سەرۆکوەزیران مێت فرێکدریکسن بەم یاسایە سیاسەتی وەرگرتنی پەنابەری لە وڵاتەکەیدا هێندەیتر بەرتەسککردەوە.
تا هەنووکە هیچ وڵاتێك لەناوخۆی ئەوروپا و دەرەوەش ئامادە نییە پێشوازی لە داواکارانی پەنابەریی وڵاتی دانیمارك بکات، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە کەوا گفتوگۆیان لەگەڵ نزیکەی ۱۰ وڵات کردووە، ڕۆژنامەکانی ئەو وڵاتەش باس لە چەند وڵاتێکی ئەفریقی لەوانە وڵاتانی میسر، ئەسیوپیا، ئەریتیریا و ڕوەندا دەکەن.
یەکەم کاردانەوەی دەرچوونی یاساکە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا بوو کە وتەبێژەکەی ئەدالبێرت ژانز گوتی” ئەمە شتێکی نەکردەیە و پرسیاری قوڵ لەسەر پرۆسەی پەنابەری و پاراستنی داواکارانی پەنابەریی دروست دەکات”
وتەبێژەکەی یەکێتی ئەوروپا ڕاشیگەیاند کە یەکێتییەکە بە قووڵی تاوتوێی ئەو یاسا دانیمارکییە دەکات.
حکومەتی دانیمارک بەتەمایە کارتی پەنابەری”ئیقامە” ی ئەوانەش نوێ نەکاتەوە کە پێی وایە وڵاتەکانیان هەنووکە ئارامە، لەناویشیاندا بەشێك لە سوورییەکان هەن.
چەند ساڵێکە دانیمارك سیاسەتی پەنابەریی زۆر توند کردووە. لە ساڵی 2015دا ۱۰ هەزار پەنابەری وەرگرتووە، لە 2019دا ۷٦۱ پەنابەر و لە۲۰۲۰دا تەنیا ٦۰۰ پەنابەری وەرگرتووە.

بابەتی پەیوەندیدار

زیاتر بخوێنەوە
Close
Back to top button